پارتی: هێرۆ ئیبراهیم کار بۆ داتەپاندنی ئابووریی کوردستان دەكات

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەكەركوك رەخنە لە پێشنیاری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سەبارەت بە راگرتنی هەناردەكردنی نەوت دەگرێت.

کاوێز مەلا پەروێز بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکوک، ڕەخنەی توند لە پێشنیارێکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگرێت، بەوەی داوای لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک ڕابگرێت.

ناوبراو بە میدیاكانی سەر بە حیزبەكەی  ڕاگەیاند: "ئێمە زۆر بەداخین بۆ ئەو پرسە، چونکە پرسی بڕینی قووتی خەڵکی کوردستانە کە لە لایەن سەرکردەکانی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتییەوە پێشنیار بکرێت، دەپرسین لە پێناوی چی پێشنیاری بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان لە عەبادی دەکەن؟”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: "وەک چۆن کاتی خۆی لە پێشنیارەکەی عادل موراد و هاوڕێیانی تێنەگیشتین، کاتێک مالیکییان بەوە ڕازی کرد کە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببڕێت، ئێستاش لەوەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نەگەیشتووین کە بۆچی داوایەکی وەها لە عەبادی بکات کە نەوتی کەرکووک ڕابگرێت؟، لە کاتێکدا ئەمە تەواو ئەوە دەسەلمێنێت کە کار بۆ برسیکردنی خەڵی کەرکووک دەکرێت".

بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی پرسیاری ئەوەش دەکات، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد "چۆن زاتی ئەوە دەکات” کار بۆ داتەپاندنی ئابووریی کوردستان بکات؟ لە کاتێکدا خەڵکی شاری کەرکووک چاوەڕوانی فرشتنی نەوتەکەیان و هەرێمی کوردستانیش چاویان لە داهاتی نەوتە. دەشڵێت: "دەبێت لەبارەی پێشنیاری ڕاگرتنی نەوتی کەرکووک، ڕوونکردنەوە بدرێت و وردەکاری تێدا بخرێتەڕوو”.

هەفتەی پێشوو لەكاتی سەردانی وەفدێكی حكومەت بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزان بۆ لای عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، میدیاكانی پارتی بڵاویانكردنەوە كە عەبادی ئەوەی ئاشكرا كردوە كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد داوای راگرتنی هەناردەی نەوتی كەركوكی كردوە.



PM:03:22:06/09/2016