شێخ جەعفەر: کاک کۆسرەت رەسوڵ چەندانجار شەرواڵی یەکێتی هەڵکێشاوەتەوە

ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی شێخ جەعفەر مستەفا رایگەیاند" كاك كۆسرەت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لە غیابی مام جەلالدا هەموو دەسەڵاتەكانی جێگری سكرتێری گشتی هەیە، بەڵام بەداخەوە هەندێك جار دەسەڵاتەكانی خۆی بەكار نەهێناوە ئەویش لەپێناو پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی، هەر ئەو كاك كۆسرەتە چەندین جار شەڕواڵی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی هەڵكێشاوەتەوە".

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و یەکێک لە " ناوەندی بڕیار" بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند" دوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال لە یەكێتیدا هەركەس بۆخۆیەتی و كەسە باڵاكانی ئەم حزیبە ئاگایان لە حیزب نەماوە و نەداری و نە بڕیاری ناوەندی".

شێخ جەعفەر مستەفا ئاماژە بە كێشەکانی تری ناو یەكێتی دەكات و دەڵێت" كەس نازانێت داهاتی یەكێتی چۆن دێت و چۆن دەڕوات و بۆ كێ خەرج دەكرێت و بێ‌ویژدانی لە دابەشكردنی داهاتی یەكێتیدا هەیە كە پارەی پـێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدانە".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەوەشی وتووە" ئێمە ئەنواع ڕاگەیاندمان هەیە لەناو یەكێتی كە بە پارەی شەهیدان و پێشمەرگەی یەكێتی بەڕێوەدەچن بەڵام هیچی گوزارشت لە ڕای یەكێتی ناكات و هەركەس وەك زۆڕنا چۆنی بوێت ئاوا فووی پێدا دەكات".

وتیشی "بە تەنها گەلی كوردستان و كوردستانی نوێـیە هی یەكێتی بەڵام ئەوانیش گەڕ و گول بوون بزانن موچەی پەیامێرێك لەو دوو دەزگایە لە چاو پەیامنێری دەزگاكانی تر كە بە پارەی یەكێتی بەڕێوەدەچن چەندە جیاوازیان هەیە".

شێخ جەعفەر مستەفا وتی شەرعیەتی ئەسڵی ئەسڵەن لەناو مەكتەبی سیاسیدا ئەوانن، وە لە دوای دوو جێگرەكە سێ كەسی تر شەرعیەتی هەیە لە ناو مەكتەب سیاسیدا كە بە دەنگی كۆنگرە هەڵبژێردراون ئەوانیش یەكێكیان حاكم قادرە و یەكێكیشیان مەحمود سەنگاوی‌یە ئەوی تریشیان بەندەی موخڵیستانە، ئەم سێ كەسە بە دەنگ بووینەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەگەرنا باقیەكەی تری لەسەر بنەمای ئەوە دوو بۆ هەولێر و دوو بۆ سلێمانی و ئەوە دوو بۆ خانەقین و ئەوە دوو بۆ كەركوك بەو شێوەیە بوون بە سەركردایەتی بەشێكیشیان ئیحتیاتن.


شێخ جەعفەرجەخت لەوە دەکاتەوە " جگە لەوە دوو برادەرەی جێگر ئەوانی تر نەك شەرعیەت فڕیشیان پێوە نەماوە نە بە مەكتەبی سیاسی و نە بە سەركردایەتی ، لە خۆشمەوە دەست پێدەكەم هەر كەسێكیش لاف لێدات كە سەركردایەتی یان مەكتەبی سیاسیە سەهووە".

شێخ جەعفەر مستەفا وتیشی "هەروەك چۆن لە كوردستان كێشە و ململانێی نێوان لایەنەكان لەسەر پارە و پـۆستە كێشەكانی ناو یەكێتیش لەسەر دزینی سامانی میللەت و پۆستە نەك لەسەر فكر و كوردایەتی، من ڕۆژێك نەمبینی ئەوانەی كێشەیان هەیە بڵێن كێشەمان لەسەر ئەوەیە چۆن پارە و داهات دابەش بكەین بەسەر خەڵكدا و ژیانیان خۆش بێت، چۆن بەرگری لە كورد و دەوڵەت و خاكی كورد بكەین و كوردستان بگرینە ئاڵتون و كاممان داهاتی زیاتر بەسەر خەڵكدا دابەش بكەین".

ناوبراو دەشڵێت" من پـێشمەرگەم و لە جەبهەم نامەوێت خۆم لەو ململانێ ناشەریفانەیەوە بگلێنم چونكە درزێك بكەوێتە بەرەكانی شەڕ داعش پەلاماری كوردستان دەدات و هەموو كوردستان ئاوارە دەبن. ئەوانەی ئەمڕۆ لەسەر پـۆست و پارە شەڕیانە هەموویان دەبێت بڕۆن لە بەردەم دەزگا و موخابەراتی دەوڵەتانی دەوروبەربكەون و بپاڕێنەوە وەرەقەیەكیان بۆ بكەن یان ڤیزەیەكیان بۆ بكەن، لەبەر ئەوە من خۆم خەریكی ئەوەم ڕێگە نەدەین كەلێنێكمان تێبكەوێت و داعش ئەمنیەتی ناوچە دابڕێنراوەكان و كوردستان تێكبدات".




PM:01:24:07/09/2016