ئەولەویەتی بارزانی سەربەخۆییە، ناوەستێت لەسەر رێکخستنی نێوخۆی کوردستان

‌وێنە ماڵپەڕی پارتی
بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لەهەوڵەکانیان بەردەوامدەبن بۆ رێکخستنی نێو ماڵی کوردی، بەڵام ئەولەویەتیان سەربەخۆیی کوردستانە.

لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا بارزانی لە دیدارێک لەگەڵ تەلەفزیۆنی رووداودا وتی" کێشەکانی ناوخۆ گرنگن و چارەسەریان دەکەین، لەو ماوەیەی رابردوودا د. فواد حسێن سەردانی ئەو حیزبانەی کرد، بەردەوامدەبین و پێشنیاری نوێشمان هەیە، زۆری لەسەر ئەوان دەبێت، بەنیسبەت منەوە ئەولەویەت سەربەخۆیی کوردستانە ئەوەی لەگەڵیدایە باشە، ئەوەی هەڵوێستی تریشی هەبێت کەیفی خۆیانە".  
ناوبراو وتیشی"سەرۆکی فەرەنسا پشتگیری سەربەخۆیی کوردستانی کردووە و داوایکردووە ئێمە کاتەکەی دیاریی بکەین".

بارزانی دەڵێت "لەگەڵ فەرەنسا باسی هەموو ئەو قەیرانانەمان کرد، کە ئێستا رووی کردووەتە هەرێمی کوردستان، بابەتی پشتگیری و هاوکاری سەربازی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هەروەها سەربەخۆیی کوردستان".

لەسەر کاتی سەربەخۆی کوردستان، بارزانی دەڵێت"ئەگەر دڵنیا نەبم سەربەخۆیی کوردستان  ئێستا کاتیەتی، ئەو هەنگاوەم نەدەنا، لە هەموو کۆبوونەوەکانی دەرەوەی وڵات بەتایبەتی ئەم چەند رۆژەی پاریس، لە هەموو کۆبوونەوەکاندا باسم لە گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان کردووە".

بارزانی، داوای لە فەرەنسا کردووە، پشتیوانیمان بکەن و دەڵێت: "هیچ وڵاتێکی ئەوروپی دژی سەربەخۆیی کوردستان نییە، بەڵام هەندێکیان دەڵێن ئێستا کاتەکەی گونجاو نییە، هەندێکیشیان دەڵێن، دەبێت بە وریایی و هەستیاری لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا بجوڵێنەوە، بەڵام ئێمە ئەو هەنگاوە دەنێین و گشتپرسیش لە دەستی میللەتی کورددایە".

لەبارەی هەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا بۆ سەربەخۆبوونی کوردستان، ئۆلاند بە بارزانی گوتووە، ئێمە پشتیوانیتان دەکەین، ئێوە دەبێت کاتەکە هەڵبژێرن.


بۆ جارێ سێیەمە مەسعود بارزانی، لەلایەن فرانسوا ئۆلاند،  پێشوازی لێدەکرێت و کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوانیان یەک کاتژمێری خایاند.



PM:11:18:08/09/2016