" ٤ ملیار دۆلار لەشیرینی نەوت بە فیفتی فیفتی لەنێوان پارتی‌و ماڵباتی تاڵەبانیدا دابەشکراوە"

رۆژنامەنووسی دیاری نێو پارتی، رێبوار کەریم وەلی دەڵێت"  شیرینیی گرێبەستەكانی نەوت، كە تاوەکو نێوەڕاستی 2011، خۆی لە نزیكەی  4 تا 5 ملیار دۆلار دابوو و لە بانكێكی نێودەوڵەتیدا بوو، بەشێوەی فیفتی فیفتی لەنێوان پارتی و ماڵباتی تاڵەبانیدا دابەشكرا".

رێبوار کەریم وەلی نوسەری دیاری میدیای رووداو لە نووسینێکدا بە ناونیشانی  " با نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای بکات"، لە ماڵپەڕی رووداو نووسیوویەتی دەڵێت" حكومەتی هەرێمی كوردستان یان بە واتایەكی دیكە ئیدارەی پارتی دیموكراتی كوردستان (چونكە حیزبەكانی دیكەی بەشدار هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆندا نییە)، سەبارەت بە پرسی نەوت و مووچەی خەڵك لەژێر گوشارێكی قورسی سلێمانیدایە. هەربۆیە پارتی، داوای لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی كوردستان (واتە چوار حیزبەكە و ئەوانی دیكەش) كردووە، لە دانیشتنێكدا لەوبارەیەوە زانیارییان پێبدات".

سەبارەت بەنەوتی کەرکوک و کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، ناوبراو دەڵێت" كاتێک دەست بە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك كرا لەڕێگەی بۆڕیی نەوتی كوردستانەوە (لە كێڵگەی بای حەسەن و ئاڤانا)، چونكە باڵی دەستڕۆیشتوو پشكی خۆی لە سێ كێڵگەكەی دیكەوە بە بیانووی پاڵاوتن لە سلێمانی، رەوانەی ئێران دەكرد، كەس لە خەمی موستەهەقاتی خەڵكی كەركوك نەبوو. نێچیرڤان بارزانی لە هەموو نەوتی كەركوك 75 هەزار بەرمیلی بۆ حكومەتی بەغدا هێشتۆتەوە".

هەروەها رێبوار کەریم وەلی دەشڵێت" لەدوای نزیككەوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی و دواتریش رێككەوتنی ستراتیژیی نێوانیان، هەوڵێكی بەرفروان هەیە كە سلێمانی دوای پێكەوەلكاندنی كەركوك، ببێتە هەرێمێك. لەسەرەتای ئەو هەوڵەدا، لەنێو خودی یەكێتی بە هەردوولا راگەیەندرا (واتە بە باڵی پاوانخواز و گۆڕان) كە ئەگەر بەتەمای ئەوەبن سلێمانی جیابكەنەوە، ئەوە نەوت و ناوچەكانی گەرمیان و تەقتەقی تێدا نابێت".

ئەو پێیوایە ئەو هۆشدارییە، ستۆپێكی بچووكی بە پرۆژەكە كرد و حیسابات و كیتاباتی ئیدارەدانی هەرێمی سلێمانی سەرینەگرت" چونكە پارتی بە هێنانەكایەی مەسەلەی بەهەرێمكردنی كەركووك لەلایەن پارێزگارەوە، ریسەكەی لێ كردنەوە خوری و پارێزگاریش كە رۆژانێك سەروەسیەت و دەمڕاستی باڵی دەستڕۆیشتوو بوو، بۆ پێگەی خۆی بەتەواوەتی لە بەرەی پارتیدایە و هەر ئەوەندە ماوە پارتیبوونی خۆی رابگەیەنێ".

دەقی وتارەکە لەم لینکە بخوێنەرەوە..



AM:10:36:19/09/2016