بارزانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی رزگارکردنی موسڵ دەکات

 بە مەبەستی پرۆسەی رزگارکردنی پارێزگای موسڵ، بارزانی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی سەربازی و سیاسی نێوان هەرێم و ئەمەریكا و عێراقی کرد و، لە کۆبوونەوەکەدا وردەكارییەكانی پلانی ئازادكردنی مووسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

ئه‌مڕۆ دووشەممە ٩/١٩، لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی سەربازی و سیاسی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و عێراقی كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسە ئەمنی و سەربازییە باڵاكانی هەرێم و دۆگڵاس سیڵیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ تاونسێند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و كێن گڕووس كۆنسووڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی سەربازیی ئەمەریكا و عەبدولئەمیر زێدی جێگری سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵایە سەربازییەكانی هێزەكانی عێراق ئامادە بوون، بیروڕا لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا تێكشكاندنی داعش لە شاری مووسڵ بە ئامانجی هاوبەشی هەموو لایەك لەقەڵەم درا و جەخت لە كاری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی و هێزی هاوپەیمانان كرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنە وردەكارییەكانی پلانی ئازادكردنی مووسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر چۆنیەتیی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی و سوپای ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ ڕێككەوتن.



AM:12:19:20/09/2016