"هۆشیار زێباری لەسەر پێشنیاری خەسرەو گۆران متمانەی لێ سەندرایەوە"

وەزیری دارایی  هۆشیار زێباری لەسەر پێشنیاری سەرۆکی فراکسیۆنەکەی خەسرەو گۆران متمانەی لێ سەندراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەرلەمانی عێراقەوە بە سپی راگەیاند" رۆژێک پێش سەندنەوەی متمانە لە خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری عێراق کە لە ٢٥ ئابدا متمانەی لێ سەندرایەوە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبوونەوەیەکی سازکرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتی پرۆسەی دەنگدان لە پرسی سەندنەوەی متمانە لە خالید عوبەیدی، لەو کۆبوونەوەیەدا خەسرەو گۆران سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، پێشنیاری کردووە، پرۆسەی دەنگدان لە سەندنەوەی متمانە لە خالید عوبەیدی بەشێوەی دەنگدانی نهێنی بێت".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، د. سلیم جەبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستەی راوێژکارانی یاسایی تایبەت بە سەرۆکی پەرلەمان بانگکردووە بۆ کۆبوونەوەکەوە، ئەوانیش ئەو پێشنیارەی خەسرەو گۆرانیان لەلا یاسایی بووە کە دەنگدان بە نهێنی بێت بۆ ئەوەی هیچ فشار لەسەر پەرلەمانتاران نەبێت و هیچ ئیحراجیەکیان بۆ دروست نەکات.

سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەو کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر پێشنیاری خەسرەو گۆران بڕیار درا دەنگدان لەسەر متمانە سەندنەوە لە خالید عوبەیدی بە نهێنی بێت.

بەپێی ئەو زانیاریانە دوێنێش ٩/٢١ بە هەمان شێوەی دەنگدان متمانە لە هۆشیار زێباری وەزیری دارایی سەندرایەوە.

هەر دوێنێ داوای متمانە سەندنەوە لە هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق، بەرپرسەکانی پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لەدادگای فیدراڵی داوای یاسایی دژی شێوازی دەنگدانی نهێنی دەجوڵێنن.

پەرلەمانی عێراق دوێنێ چوارشەممە ٩/٢١ بەدەنگی 158 پەرلەمانتار متمانەی لە هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق وەرگیرایەوە، پرۆسەی دەنگدانەكە بە نهێنی بووە و 77 پەرلەمانتار دژی سەندنەوەی متمانە بوون و 14 دەنگیش بەتاڵ بووە، ئەوە دووم سەندنەوەی متمانەیە بە دەنگدانی نهێنی دوای وەزیری بەرگری.





 

 پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممە 21-9-2016 بەدەنگی 158 پەرلەمانتار متمانەی لە هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق وەرگرتەوە، پرۆسەی دەنگدانەكە بە نهێنی بووە و 77 پەرلەمانتار دژی سەندنەوەی متمانە بوون و 14 دەنگیش بەتاڵ بووە.



AM:11:20:22/09/2016