خانمە پەیامنێرێکی ڕووداو: هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان بەتوندی ئازاریاندام

ڕەنگین شەرۆ پەیامنێری تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕایگەیاند لە کاتێکدا ویستویەتی سەردانی خێزانەکەی بکات لە ڕۆژئاوای کوردستان هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان بە توندی ئازاریانداوە و جلەکانیان دڕاندووە.
ماڵپەڕی ڕووداو بڵاویکردووەتەوە " رۆژی 22-9-2016، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان ، رێگریان کرد لە چوونی رۆژنامەڤانی تۆڕی میدیایی رووداو (رەنگین شەرۆ) بۆ ئەوەی بچێتە لای دایک و باوک و کەسوکاری لە گوندی (دووگرکا)ی نزیک لە شارۆچکەی (گرکێ لەگێ)ی سەر بە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان . "
هاوکات ڕووداو ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە " "رەنگین شەرۆ هەم وەک رۆژنامەڤان، هەم وەک خانمێکی سکپڕ و وەک هاونیشتمانییەکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانیش، شایستەی لێدان و سووکایەتیپێکردن و رێگریکردن لە سەردانی کەسوکار و ناوچەکەی خۆی نییە. بەداخەوەش ئەمە یەکەمجار نییە رۆژنامەڤانانی تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان تووشی تووندوتیژی و سووکایەتیپێکردن دەبن . ئەوەش روونە کە رۆژنامەڤانانی رووداو باجی پیشەییبوونیان دەدەن لە رووماڵکردنی رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان".

هەروەها سۆران عومەر، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند " لێدان لە خاتوونە پەیامنێرەکەی رووداو لەلایەن ئاسایشێکی پەیەدەوە لێدانە لە دوو مرۆڤ، چونکە ئەو خاتوونە دووگیان بووە."
هەر لەو هەواڵەی ڕووداودا هاتووە "پەیامنێری نێوداری تۆڕی میدیایی رووداو ، رەنگین شەرۆ ، دوای ئەوەی کاژێر 12 ی نیوەڕۆ لە دەروازەی پێشابیر - سێمالکا لە باشووری کوردستان دەپەڕێتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان بەمەبەستی سەردانی کەسوکاری نەک کاری رۆژنامەڤانی ، لەلایەن کارمەندانی سنوور کە سەر بە کانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان ، کاروبارەکانی دەربازبوون بۆ رۆژئاوای کوردستان تەواو دەکات و لەلایەن باوکییەوە پێشوازی لێدەکرێت ، بەڵام لە شوێنی سوواربوون لە مینی باسەکان ، لەلایەن ئاسایشی کانتۆنی جزیرە بانگدەکرێت و پێیدەڵێن نابێ بچێتە رۆژئاوای کوردستان و دەبێ بگەڕێتەوە باشووری کوردستان و، بە قسەی ناشیرین زۆر سووکایەتی بەکاری خۆی و رووداو دەکەن . دوای ئەوەی رەنگین شەرۆ ، پێیاندەڵێت ئەو بۆ سەردانی گوندەکەی و کەسوکاری هاتووەو پاش ئەوەی هەموو کاروباری دەربازبوونی تەواوکردووە ، نایەوێت بگەڕێتەوە ، کارمەندێکی پیاوی ئاسایش و چەند کارمەندێکی ژنی ئاسایشی کانتۆنی جزیرە ، هێرشدەکەنە سەر رەنگین شەرۆ ، جلوبەرگی دەدڕن و ئازاری دەدەن ، سەرەڕای ئەوەی کە زانیویانە کە دووگیانیشە. کە باوکی کچەکەی بەوشێوەیە دەبینێ هاوار دەکات و داوایان لێدەکات : " بۆ خاتری خوا و بۆ خاتری پێغەمبەر وا لە کچەکەم نەکەن و ، رێگەی لێنەگرن "، بەڵام ئەو کارمەندانە پێیدەڵێن : " ئێمە خواو پێغەمبەر ناناسین ". بەوشێوە تووندوتیژە رێگەی چوونە رۆژئاوای کوردستان لە رەنگین شەرۆ دەگرن و بە بەلەمێک دەینێرنەوە باشووری کوردستان.".
هاوکات ڕەحمان غەریب بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ سەبارەت بەو ڕووداوە ڕایگەیاندووە " "ئەوەی کە بیستمان و گوێمان لێبوو سەبارەت بە هێرشکردنە سەر پەیامنێرەکەی رووداو جگە لە کارێکی وەحشیگەرانە هیچی دیکە نییە و بەتووندی ئیدانەی دەکەین"."




AM:10:41:23/09/2016