"ئاسایش سەرۆو برۆیان تاشیم و وتیان بەپێی برۆ بۆ سنوری یەكێتی‌و گۆڕان"

هێمن بنەسڵاوەیی پێشمەرگە‌و كادیری گۆڕان شەوی رابردو لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی پارتی لەگەڵ كوڕەكەی رفێنرا‌و دواتر پاش لێدان‌و تاشینی سەرو برۆی پێیان وتووە سنوری پارتی بەجێبهێڵت‌و بە پێی بڕوات بۆ سنوری یەكێتی‌و گۆڕان.

هێمن لە لێدوانێك بۆ ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەبارەت بەوەی داوایان لێكردوە ببێت بەپارتی دەڵێت: "پێشمەرگەی فەوجی بەرگری وەزارەتم، سێ مانگ لەمەوبەر لەفەوجەكەی خۆم داوایانكرد ببم بەپارتی، ئەوان بەشێوازی جیا هەوڵیاندا، دەیانوت ئەگەر ببیتە پارتی كێشەی پارەت نابێت و دەوامكردنیشت خۆشتر دەبێت و پلەی زیاتریش دەبێت، تەنانەت هەڕەشەی ماڵباركردنیشیان لێكردم، بەڵام بەهەموو شێوەیەك بوون بەپارتیم رەتمكردەوە، دواتر لەڕێی نوسراوێكەوە ئەركەكەمیان گواستەوە بۆ خانەقین و پەیوەستی بڕیارەكە بووم و لەو ماوەیەدا دەوامم كردوە، بەڵام چوار رۆژ پێش ئێستا لەفەسڵكردنم ئاگاداریان كردمەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە بەبێ ئاگاداركردنەوەم لە 16ی ئابدا فەرمانی فەسڵكردنم بۆ دەرچووە".

ئەو هەروەها دەڵێت: "بەنیازبووم بەشدار خۆپیشاندانی هێمنانەو مەدەنی  بكەم لەشاری هەولێر بۆ داواكردنی مافی رەوای خۆمان كە پێشمەرگە بارودۆخی زۆر خراپە، بەڵام دوای بانگی ئێوارەی دوێنێ 2016/9/26 ژمارەیەك ئاسایشی بنەسڵاوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتنە سەر ماڵەكەم و خۆم و كوڕەكەم كە ناوی ئامانجە، رفاندیانین و یەكێك لەئاسایشەكانی پارتیش موختاری گەڕەكەكەی خۆمانە، ئەوانی تریش ببینمەوە دەیان ناسمەوە، دواتر بەجیا بردیانم بۆ بازگەی شێراوا، كوڕەكەشم كە ناوی ئامانجە برایە ئاسایشی بنەسڵاوە، دواتر سەعات 12ی شەو ئەو لەڕێی هاتنە سەرخەتی كۆمەڵێك كەسایەتی ئازاد كراوە".

ئەوەشی ئاششكراكرد: هێزەكانی ئاسایشی پارتی دوای رفاندنم لەبازگەی شێرئاواوە تا بازگەی پردێ لێیاندام و ئازاریاندام، جگە لەوەی ماڵەكەمیان پشكنی، جانتایەكیش كە ناسنامەی باری شارستانی خۆم و ماڵ و منداڵمی تێدا بوو لەگەڵ چەندین بەڵگەی تری كاروباری رۆژانەو بڕی 89 هەزار دینار كە لەگیرفانمدا بوو هەمویان بردوە.

هێمن لەسەر رووداوەكە دەڵێت: "لەبازگەكەیان سەرو برۆیان تاشیم و دواتر وتیان سنوری هەولێر جێبهێڵەوەو بەپێی بڕۆ بۆ سنوری یەكێتی و گۆڕان، بۆیە دوای گەیشتنم بۆ كەركوك زانیاری ئەوەم پێگەیشت كە بەنیازن بمكوژن، بۆیە دوای لەوێ ئاسایشی یەكێتیم ئاگاداركردەوەو ئەوان ژیانیان پاراستم و شەو لەوێ مامەوەو ئەمڕۆ گەیشتمە سلێمانی".



PM:04:46:27/09/2016