كۆبوونەوەی پێنج لایەنە سیاسییەكە هەڵوەشایەوە

وا بڕیاربوو ئەمرۆ، نوێنەری پێنج لایەنە سەرەكییەكەی هەرێم لە هەڵەبجە كۆببنەوە و لەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێم وتووێژ بكەن، بەڵام دیبەیتەكە هەڵوەشایەوە.

سەرەتای كۆبوونەوەكە لەسەر داوای رێكخراوی چەتری ئاشتی، وتاری پارێزگاری هەڵەبجە پێشكەش كرا، بەڵام بەپێی زانیارییەكان دیبەیتی نوێنەرانی پێنج لایەنە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان هەڵوەشاوەتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی سپی هۆكاری بەڕێوەنەچوونی كۆبوونەوەكە ئامادە نەبوونی نوێنەری پارتی بووە‌و هەر بۆیە چوار لایەنەكەی دیكەش ئامادە نەبوون بەشداری ئەو دیبەتە بكەن.

پاش هەڵوەشاندنەوەی دیبەیتەكە، فازیڵ بەشارەتی بەرپرسی لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە، لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، ئەوان كە بەشداریان لەو دیبەیتەدا نەكردوە، لەهەمانكاتیشدا رێگریان لە هیچ لایەك نەكردوە بۆ بەشداریكردن. وتیشی "خۆزگەمان دەخواست لایەنەكانی دیكە بەشداربونایەو نیەتی خۆیان بۆ ئاشتی باس بكردایە، ئاسایی بوو ئەگەر كورسی نوێنەرەكەی پارتیش چۆڵ بوایە".

فازیڵ بەشارەتی وتیشی "پارتی بەندەی وەك نوێنەر دیاری كردبوو، بەڵام دیارە برادەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی مەرجی ئەوەیان هەبووە كە دەبێت ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بچێتە سەر شانۆكە بۆ دیبەت".

بەرپرسی لقی 12ی پارتی جەخت لەوەشدەكاتەوە، لەهەر شوێنێك نوێنەرایەتی حزبەكەی بەشدار بوبێت ئەوا حساب بۆ حزبەكەی و نوێنەرەكەی كراوە، دەشڵێت "هەمیشە لەنوێنەرایەتیكردنماندا حساب بۆ سەنگی پارتی و نوێنەرەكەی كراوە، بۆیە ئیمەش وتمان ئەگەر نەتوانین قسەی پارتیمان پێبێت، ئەوا بەشداری نەكەین باشترە".

هەروەها وتیشی " ئومێدمان دەخواست لایەنەكانی دیكە پەیامی خۆیان بۆ ئاشتی بگەیاندایە، با كورسیەكەی پارتی چۆڵیش بوایە".




PM:01:36:01/10/2016