لەبارەگای پێشمەرگە دێرینەکانی سلێمانی هاوڵاتییەک خۆی کوشت

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٠/٣  لەنێو بارەگای دەزگای پێشمەرگە دێرینەكان لە شاری سلێمانی، هاوڵاتیەك كە پیشەی شۆفێری ئەو دەزگایە بووە، بەفیشەكێك كۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێت.

ئەو هاوڵاتییە کە تەمەنی نزیکەی ٤٠ سال دەبێت پێش کووشتنی خۆی وەسێتنامەیەك بۆ خێزان و مناڵەکانی جێدەهێڵێت.
نەقیب سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەلێدوانێكدا ئاشکرای کرد ئەو هاوڵاتییە لەنێو دەزگای پێشمەرگە دێرینەكان خۆی كوشتوە كە پیشەی شۆفێر بووە.

وتەبێژی پۆلیس دەشڵێت" ئەو هاووڵاتییە تەمەنی لەسەروو 40 ساڵەوەیەو خاوەنی دوو هاوسەربووەو، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و ئەو هاوڵاتییە وەسێتنامەیەكی بۆ هەردوو هاوسەرەكەی بەجێهێشتوە".

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ناوەڕۆكی نوسراوەكە بۆ نەوا ئاشكرا دەكات و دەڵێت "لەنوسراوەكەدا هاتوە كە پارەیەكی  زۆر قەرزاری خەڵك بووە، ئەوەش وەهای كردوە هەست بەكەمی بكات لەبەرانبەر خۆی و خەڵكدا، چونكە بژێوی ژیانی زۆر خراپ بووە و توانای دانەوەی قەرزەكانی نەبووە، ئەوەش پاڵەپەستۆی خراپی لەسەر دروستكردوە و دواتر پەنای بۆ ئەو كارە بردوە".



PM:12:11:03/10/2016