"پارتی دەیەوێت بەسوڵحی عەشایەری كەیسی تیرۆری وەدات حسێن دابخات"

برایەكی رۆژنامەنوسی تیرۆركراو وەدات حسێن ئاشكرای دەكات، پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵدەدات سوڵحی عەشایەریان لەگەڵدا بكات‌و كەیسی تیرۆری براكەی دابخات.

دوای نزیكەی دوو مانگ لە تیرۆركردنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن لە شاری دهۆك، لەڕێگەی ناڕاستەوخۆوە پارتی هەوڵدەدات بە سوڵحی عەشایەری كەیسەكە دابخات، برایەكیشی دەڵێت "ئێمە هەرگیز ئەوە قبوڵ ناكەین، چونكە وەدات لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی تیرۆر نەكراوە".

سەمەد حسێن برای وەدات بە ئاژانسی رۆژنیوزی راگەیاندوە، هەوڵێك هەیە لەلایەن پارتیەوە بۆئەوەی بە سوڵحی عەشایەری كەیسی وەدات یەكلابكرێتەوە، بەڵام لای ئەوان مایەی قبوڵ نییە و هەرگیز بەوە رازی نابن.

 سەمەد حسێن وتوشیەتی "پارتی خۆی حزبێكی عەشایەرە، بۆیە دەیەوێت كەیسی وەدات بە عەشایەری یەكلابكاتەوە، لەكاتێكدا وەدات لەسەر كێشەی عەشایەری نەكوژراوە، بەڵكو ئەو رۆژنامەنووسێك بووە و لەسەر بیروڕای ئازاد بەدڕندەترین شێوە تیرۆركراوە".

ئەو برایەی وەدات ئاماژە بەوەشدەكات كە پارتی دەیەوێت كێشەكە بچوك بكاتەوە، لەكاتێكدا جگە لە ناوخۆی دهۆك و كوردستان، دەنگدانەوەیەكی گەورەی جیهانی هەبووە، ئەوەش لە بەرژەوەندی ئەو حزبەدا نەبووە، دەشڵێت "كەسوكاری ئێمە هەمووی پارتین، یان نزیكی پارتین، لەڕێگەی چەند كەسێكی دۆستمانەوە پارتی ناڕاستەوخۆ ئەو هەوڵە دەدات، بەڵام وەك پێشتریش وتومانە ئێمە لە خوێنی وەدات خۆشنابین و داوای بە سزاگەیاندنی تاوانباران دەكەین بەپێی یاسایەكی دادپەروەرانە".

 بنەماڵەی ئەو رۆژنامەنوسە تیرۆر كراوە پێشتر لەڕێگەی تارق حسێن براگەوەری وەداتەوە ئەوەیان راگەیاندبوو، ئەوان وەك بنەماڵەكەیان تەنها گومانیان لە پارتی هەیە، چونكە دەسەڵاتی یەكەمن لە سنورەكەدا. تارق وتبوی "ئەگەر پارتی بیەوێت بە ئاسانی بكوژان دەدۆزنەوە".



PM:01:49:03/10/2016