یەكگرتوو: ناكرێت توركیا لەشەڕی موسڵ بەشداری نەكات

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت: "ناكرێت توركیا لە پڕۆسەی رزگاركردنەوەی موسڵدا بسڕدرێتەوە".

سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆلی توركی لە بارەی بەشداری كردنی توركیا لە كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ رایگەیاند:"توركیا دەوڵەتێكی میحوەری گەورەیە و ناكرێت لە هەموو شتێك دەستی هەبێت لە ناوچەكەدا و لەوەدا بیسڕیتەوە، بەڵام شێوازی بەشداری كردنەكەشی لە شەڕەكەدا پێویستە بە لێكتێگەیشتن و بە خۆشی بێت، هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش هەیە كە راستە توركیا پێشوەختە لەم هاوپەیمانێتییەدا نەبوو بەڵام ماوەیەكە چووەتە ناو هاوپەیمانێتییەكە و بە رەزامەندی ناتۆ و ئەمریكا و لایەنەكانی تریش چووە ناو سووریاوە، مانای وایە توركیا سیاسەتی گۆڕی لە بابەتی چوونە ناو شەڕەكانی داعش".

ئەمنیداری گشتی یەكگرتوو لە درێژەدا وتی: "ئەگەر باسی داعش لە سووریا جائیز بێت لە عێراقیش هەیە و مووسڵ بەدەست داعشە، كەواتە هاتنی توركیا بە لێكتێگەیشتن و بە سنوورداری شتێكی ئاسایی دەردەچێت وەك ئەو هاوپەیمانێتییەی چەندەها وڵات بەشدارن بەشێوازی جۆراوجۆر لە رێگەی ئاسمانی و زەمینی و راوێژكاری سەربازی و شێوەی تریش، حەساسیەتێك هەیە لە بابەتی توركیادا كە پێویستە بەخۆشی چارەسەر بكرێت".




PM:04:28:07/10/2016