بریکاری وەزارەتی ناوخۆ هەندێک "هەڵە" بۆ عێزەت سابیر راستدەکاتەوە

بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، لە روونکردنەوەیەکدا هەندێک " هەڵە " بۆ قسەکانی عێزەت سابیر پەرلەمانتاری یەکێتی بڵاودەکاتەوە کە لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی کوردستادا ئاماژەی بۆ کردووە.

لەو روونکردنەوەیەدا کە کۆپیەکی بۆ سپی نێردراوە هاتووە"لە بەشێکی تری وتەکانی دا بەڕێز عیزەت سابیر باسی ئەوە دەکات کۆمپانیای سەربەخۆ بۆ دابینکردنی تابلۆی ئۆتۆمبیل لە ساڵێکدا بڕی ٢٧ ملیار دیناری لە بانکێکی سلێمانی وەرگرتوە، لە کاتێکدا ئەو کۆمپانیایە مافی ئەوەی ھەیە ٣ ملیار دینار لەو بانکە وەربگرێت".

دەقی روونکردنەوەکە


ڕونکردنەوەیەک لە نوسینگەی بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، سەبارەت بە چاوپێکەوتنێکی بەڕیز عیزەت سابیر ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەی "کەیسی ھەفتە”ی کوردسات نیوز.

"عیزەت سابیر”سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "کەیسی ھەفتە”ی کوردسات نیوز لە ئێوارەی 10/10/2016 سەبارەت بە داھاتی پارێزگای سلێمانی وتی : "جێگری وەزیری ناوخۆ(جەلالی شێخ کەریم) کەلە حیزبەکەی منە، عەقدی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە کردووە بۆ ئەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێل بۆ سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی کوردستان، دابینبکرێت".

بەگرنگمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە لەسەر ئەو بابەتە بڵاو بکەینەوە.

1. هەر گرێ بەستێک لەوەزارەتی ناوخۆ واژۆ بکرێت، لەبەڕێوەبەرایەتی گرێبەستەکان دەکرێ کە بەڕێوەبەرایەتییەکە سەربە دیوانی وەزارەتی ناوخۆیەو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەبەڕێز وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیەو بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بەبەڕێز بریکاری وەزارەتی ناوخۆوە نییە و واژۆی بەڕێزیشیانی لەسەر نییە و گرێبەستەکەش بۆ هەمو پارێزگاکانی کوردستانکراوە، دواتر پاش واژۆ کردنی گرێبەستەکە لەلایەن بەڕێز وەزیری ناوخۆ و کۆمپانیای (سەربەخۆ)وە، بە فشاری بەڕێز جەلال کەریم عیسی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ ماوەی ساڵو نیوێک برۆژەکە لە پارێزگای سلێمانی ڕاگیراوە و دوا خراوە بەهۆی ئەوەی بڕی تێچونی دوو تابلۆ بە زۆر زانراوە، تاکو بڕی (10.000) دەهەزار دینار لەبڕی تێچون بۆ هەر دوو تابلۆیەک بە کۆمپانیای (سەر بەخۆ) کەمکراوەتەوە.

2. پاش ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی گواسترایەوە بۆ تاسڵوجە، کۆمپانیای (سەربەخۆ) گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ واژۆ کردبوو، پاشان داوای وەرگرتنی زەوی بۆ دروستکردنی چێشتخانەو کافتریا وپارکی ئۆتۆمبێل پێشکەشکردبوو، دواتر لەڕێی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانییەوە نوسراو بەرزکاراوەتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی و لەوێ جێبەجێکراوە و بەهیچ جۆرێک بەڕێز جەلال کەریم عیسی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ ئاگادار نەبووە و هیچ واژۆیەکی بەڕێزیشیان لەسەر ئەو نوسراوە نییە، پاشان لە کاتی گواستەنەوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بۆ تاسڵوجە، کۆمپانیای (سەربەخۆ) ویستویەتی دەستبکات بە دروستکردنی چێشتخانەو کافتریاو پارکی ئۆتۆمبێل،

بەڵام هاوڵاتیانی ناوچەکە ناڕازی بون لە دروستکردنی کافتریاو چێشتخانەو پارکی ئۆتۆمبێل، بۆیە ئاسایشی تاسڵوجە لەسەر داوای هاوڵاتیانی ناوچەکە کارەکەی پێ ڕاگرتون، دواتر وێنەیەکی گرێبەستەکەیان خستۆتە بەردەستی بەڕێز بریکاری وەزارەتی ناوخۆ و ئەویش دوای بەدواداچوون لای ڕوون بۆتەوە کەئاسایش و خەڵکی ناوچەکە لەسەر حەقن، لەسەری نوسیوە تەنها ئەو کارانە جێبەجێ بکرێت کە پەوەندی بە ئامێری لەقاڵبدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل و پلێتی تابلۆی ژمارەی ئۆتۆمبێلەوە هەیە.

3. لە بەشێکی تری وتەکانی دا بەڕێز عیزەت سابیر باسی ئەوە دەکات کۆمپانیای سەربەخۆ بۆ دابینکردنی تابلۆی ئۆتۆمبیل لە ساڵێکدا بڕی ٢٧ ملیار دیناری لە بانکێکی سلێمانی وەرگرتوە، لە کاتێکدا ئەو کۆمپانیایە مافی ئەوەی ھەیە ٣ ملیار دینار لەو بانکە وەربگرێت، ئەوەش نیشانی دەدات لە داھاتی سلێمانی پارەی تابلۆی ئۆتۆمبیلەکانی ھەولێر و دھۆکیش خەرج کراوە، بۆ زانیاری هەمولایەک خەرج کردنی ئەو بڕە پارەیە تەنها لە دەسەڵاتی وەزیری دارایی و پارێزگاو بەڕێوەبەری بانک دایەو بەهیچ جۆرێک بە فەرمانی بەڕێز بریکاری وەزارەتی ناوخۆ خەرج نەکراوە، چونکە پەیوەندی بەبەڕێزیانەوە نییە و واژۆی بەڕێز بریکاریشیان لەسەر نییە.

4. بۆ ئاگاداری هەمولایەک، وێنەی گرێبەست و بەڵگەنامەکان لەلای ئێمە پارێزراون، هەر کەس و لایەنێک خوازیارە ڕاستی بابەتەکەی لا ڕونبێت، دەتوانین پێشکەشی بکەین.

نوسینگەی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ

11/10/2016



AM:01:04:12/10/2016