"١٥ی مانگ کۆبوونەوەیە"
"باڵی زۆرینەی" یەکێتی تەنها دەرگای بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ کردۆتەوە

"باڵی زۆرینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی"، بەناوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەرگای کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بۆ "جێگری یەکەمی سکرتیری گشتی یەکێتی" کردووەتەوە بەبێ بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی ئەو حزبە.

لە ڕاگەیەندراوە ڕۆژنامەوانییەکەی "باڵی زۆرینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی"دا هاتووە "بەدڵنیاییەوە تەواوی ھەڤاڵان‌و دۆستان‌و پشتیوانانی یەکێتی، دڵنیادەکەینەوە، کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیش، ھەروەکو کۆبوونەوەی پێشووی مەکتەبی سیاسی، بۆ تەواوی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتییە. لەپێشەوەدا بەڕێز جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی".

هەروەها جەخت لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی کراوەتەوە لە ١٥ مانگدا، کە باڵی "ناوەندی بڕیاری"ی یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەدا نین.

دەقی ڕاگەیەنراوەکە

دوای مانگ و نیوێک، لەسەرھەڵدانی کێشەی چاوەڕواننەکراوی ناو یەکێتی و کات بەفیڕۆدان، مەکتەبی سیاسی تەنھا کۆبوونەوەیەکی ئاسایی کردو بڕیارە گشتییەکانی پەسەند کرد.

لەو ماوەیەشدا تەنانەت یەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌و سەرکردایەتی، لەبەرامبەر لەلێشاوێک لە ئاخاوتن‌و ھێرش کردن ‌و چاوپێکەوتن، بۆ یەکجاریش رێگە نەدران وەڵام بدەنەوە.

دوای ئەو پەرۆشی‌و پشوو درێژییە، لەبەرئەوەی نەک ھیچ ھەنگاوێک‌و پێشنیازێکی چارەسەری راستەقینەی گرفتە دروستکراوەکان نەنراوە، بەڵکو کات بەسەر دەبرێ و لە پەناشەوە دەیان کۆبونەوەی ناشەرعی و ئۆرگانی بەناو (بۆرد) پەیتا پەیتا دروستدەکرێ و سەدان پەیوەندی ژێر بەژێر بەھەڤاڵان‌و بەرپرسی ئۆرگانەکانەوە دەکرێ، بەئامانجی چەسپاندنی بڕیارو بەرنامەی پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆ، بۆیە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لەکاتی دیاریکراودا سەعات (١١)ی بەیانی (١٥)ی (١٠)ی (٢٠١٦) ئەنجامدەدرێ.

بەدڵنیاییەوە تەواوی ھەڤاڵان‌و دۆستان‌و پشتیوانانی یەکێتی، دڵنیادەکەینەوە، کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیش، ھەروەکو کۆبوونەوەی پێشووی مەکتەبی سیاسی، بۆ تەواوی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتییە. لەپێشەوەدا بەڕێز جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی.

لەھەموو حاڵەتێکیشدا، بەرنامەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، دوور دەبێت لەکاردانەوەو ھەموو چەشنە قوڵکردنێکی کێشەکان. بەڵکو دەرگای ھەڤاڵانە بۆ چارەسەری راستەقینە ھەر بەکراوەیی دەمێنێتەوە.



PM:08:20:13/10/2016