هێڵی ئاسمانی تورکیا گەشتەکانی بۆ هەولێر و بەغدا راگرت

هێڵی فرۆکەوانی تورکیا بە هۆی "نالەباربوونی باری ئەمنی" سەرجەم گەشتەکانی بۆ بەغدا و هەولێر هەڵوەشاندۆتەوە .

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردۆتەوە، هێڵی فرۆکەوانی تورکیا دوو گەشتی هەڵوەشاندۆتەوە کە بڕیاربوو ئەمڕۆ دوو شەممە بۆ شارەکانی بەغدا و هەولێر ئەنجام بدرێت، ئەویش بەهۆی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێڵێ فرۆکەوانی تورکیا هەردوو گەشتەکەی هەڵوەشاندۆتەوە کە بڕیاربوو لە شەودا ئەنجام بدرێت.

جێی باسە بەرە بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵی راگەیاند و هەر ئەمڕۆش ژمارەیەکی بەرچاو گوند لە سنوری موسڵ لەدەستی داعش پاککرانەوە.



PM:04:41:17/10/2016