حکومەتی هەرێم دوای بەشداری پێنەکردنی لەکۆبوونەوەی پاریس
رەخنە لەوەزیری دەرەوەی عێراق دەگرێت

کۆبوونەوەی پاریس کە بۆ پرسی جەنگی دژی داعش و ئایندەی پارێزگای موسڵ سازکرابوو کۆتایی هات، حکومەتی عێراق بەشداری بە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان نەکرد، حکومەتی هەرێم دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە رەخنەی توند لەوەزیری دەرەوەی عێراقی دەگرێت.

لە راگەیاندراوێکدا کە ئەمڕۆ ١٠/٢٠ لە لایەن حکومەتی هەرێم لە هەولێر بڵاوکرایەوە، تیایدا هاتووە"  حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی مامەڵەی نابەجێی وەزیری دەرەوەی عیراق دەکات کە تاکلایەنە کار دەکات و گوێ بە قوربانیەکانی هەرێمی کوردستان نادات، کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بووه‌تە گەورەترین ڕێگر لەبەردەم هەڵکشانی پانتاییی ترسناکترین گرووپی تیرۆریستی کە خەلافەتی بەناو ئیسلامی بوو".

ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌:

ئەمڕۆ پێنج شەممە لە پاریس بە سەرپەرشتتیی فەڕەنسا و عیراق کۆنفرانسی (ئامادەکاری بۆ ئایندەی سیاسیی مووسڵ) بە بەشداریی 20 وڵات بەڕێوە چوو. وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و سەقامگیریی سیاسیی عیراق و ناوچەکە، بەڵام بە داخەوە ئەمجارەش لایەنی سەرەکیی هاوکێشە سیاسی و سەربازی و مرۆییەکانی ناوچەکە کە هەرێمی کوردستانه، بانگهێشتی کۆنفرانسەکە نەکرا و تەنها شاندی عیراق لەسەر ئاستی وەزیری دەرەوە بەشداری کرد.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی مامەڵەی نابەجێی وەزیری دەرەوەی عیراق دەکات کە تاکلایەنە کار دەکات و گوێ بە قوربانیەکانی هەرێمی کوردستان نادات، کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بووه‌تە گەورەترین ڕێگر لەبەردەم هەڵکشانی پانتاییی ترسناکترین گرووپی تیرۆریستی کە خەلافەتی بەناو ئیسلامی بوو، کاتێک كه‌ جه‌نابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە خەریکی شەڕی تیرۆریستانی داعشن و توانییانه‌ زەبری کوشندەیان لێ بوەشێنن و ناوچەیەکی فراوانیان لێ پاک بکەنەوە، ئەوەیش لەپێناو پاراستنی خاك و كەرامەتی گەلەكەمان و پارێزگاریكردن لە بەها مرۆییەکان.

دوای سەردانەکەی جه‌نابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا؛ پەیوەندیی سیاسی و ئەمنیی نێوان هەولێر و بەغدا پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینی و ماوەی زیاتر لە دوو ساڵیشە هەرێمی کوردستان بۆتە پەناگەی زیاتر له‌ ملیۆنێك و هه‌شتسه‌د هه‌زار ئاوارە و پانەبەر کە بارێکی قورسیان خستووه‌ته‌ سەر حکوومەتی هەرێم، جێگەی سەرسوڕمانە لەم ئان و ساتەدا و بەرامبەر ئەو هەموو قوربانیەی کە هەرێمی کوردستان پێشکەشی کردووە، حکوومەتی فیدرال و وەزارەتی دەرەوە مکوڕن لەسەر ئەوەی کە نابێت شاندی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانس و کۆنگرە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە تیرۆریستانی داعش و ئاوارە و پەنابەران بکات.

بێگومان ئەمە یەکەمجار نییە ئەم جۆرە مامەڵەیە لە هەندێ لە بەرپرسانی عیراق دەبینین، بۆیە داواکارین هاوپەیمانان چیتر خەمسارد نەبن و ڕاستەوخۆ هەرێمی کوردستان کە لایەنی سەرەکیی هاوکێشەکانە، بانگهێشتی کۆنفرانسەکانی پەیوەست بە ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و پرسی ئاوارە و و په‌نابه‌ران و نەخشەڕێگای سیاسی  و ئایندەی مووسڵ بکەن، داواش له‌ حكوومه‌تی فیدرالی عیراق ده‌كه‌ین كاری جددی بكات بۆ ئه‌وه‌ی چیتر ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ كه‌ سوود به‌ هیچ لایه‌نێك ناگه‌یه‌نێت و ته‌نیا زیانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عیراق هه‌یه‌.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
20/10/2016



PM:11:28:20/10/2016