ئەنجومەنی شوورا سەردار قادری بەوەکالەت وەک پارێزگاری سلێمانی قبوڵ نەکرد

ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەسەر پارێزگاری سلێمانی ئاشكرا کرد و سەردار قادر بەوەکالەت بە پارێزگاری سلێمانی پەسەند ناکات.

ماڵپەری رووداو بڵاویکردەوە "بەپێی نووسراوێكی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستان كە رۆژی 17-10-2016 دەرچووە، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە یاسایی بوونی پرسی پارێزگاری سلێمانی دەخاتەڕوو، وەڵامی نووسراوی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە كە لە 8-8-2016 داوای بۆچوونی ئەنجوومەنی شوورای كردبوو".

رووداو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "ئەنجوومەنی شورا جگە لە شیكردنەوەی دوور و درێژی دەقە یاساكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە هەمان كاتدا لە سێ خاڵدا بە كورتی بۆچوونەكانی خۆی خستووەتەروو دەڵێت: سپاردنی دەسەڵاتی بە جێگری پارێزگا بە وەكالەت بە بڕیارێكی نەبوو دادەندرێت".

ئەنجوومەنی شوورا رایدەگەیەنێت:" مۆڵەتی پارێزگار و تەخویلكردنی ئەرکەكانی بۆ جێگرەكەی بەپێی فەرمانی كارگێری ژمارە 178 لە 24-8-2016 دەرچوو، بەندن بە رەزامەندی مەرجەعی كارگێری كە وەزیری ناوخۆیە، جا ئەو رەزامەندییە پێش وەختە بێت یاخود دواتر بێت".

ئەنجوومەنی شوورا سپاردنی ئەرکەكانی پارێزگاری سلێمانی بە وەكالەت بۆ جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری هونەری بەپێی فەرمانی كارگێری ژمارە 179 لە رۆژی 24-8-2016 بە بڕیارێكی نەبوو (معدوم) دادەندرێت.

لە بەبارەی نەبوونی پارێزگاریش ئەنجوومەنی شوورا دەڵێت :"لە حاڵەتی ئامادەنەبوونی (غیاب) پارێزگاردا یەكێك لە جێگرەكانی ماوەی ئامادەنەبوونی بۆ ئەنجامدانی ئەركەكەی بە سیفەتی جێگری پارێزگار بەڕێوەدەبات".

رۆژی 24-8-2016  د. ئاسۆ فەرەیدوون، كە لە دانیشتنی رۆژی 25-8-2016 ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەزۆرینەی دەنگ لە پۆستەكە بەخشرا، بە نووسراوێكی فەرمی بە ژمارە 179 دەسەڵاتە كارگێرییەكانی خۆی رادەستی سەردار قادری جێگری "كە لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕانە" كرد.

دواتر بەپێی‌ نووسراوێك، رۆژی 24-8-2016 ئاسۆ فەرەیدوون بە سیفەتی پارێزگار نووسراوێكی ژمارە (178) ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ نووسینگەی وەزیر كردووە داوای مۆڵەتی بۆ یەك مانگ لە رۆژی 25-8-2016 تاوەكو 1-10-2016 كردووە و دانانی سەردار قادر جێگری پارێزگاری بۆ كاروباری هونەری لە شوێنی خۆی.



AM:12:37:21/10/2016