"وەزارەتی پێشمەرگە رێگا لە NRT دەگرێت و چاوپۆشی لەکەناڵە حیزبیەکانی خۆیان دەکەن"

وەزارەتی پێشمەرگە کە لەژێر هەژموونی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە، رێگا لە کەناڵی NRT دەگرێت، بچێتە بەرەی شەڕ، "بەڵام چاوپۆشی لەکەناڵەکانی خۆی دەکات".

کەناڵی NRT  لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە " تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هەموو لایەک سوپاسی کەناڵی ئێن ئاڕ تیان کرد، کە بەبێ جیاوازی رووماڵی سەرجەم بەرەکانی شەڕی کردووە، کەچی بەبیانوی ئەوەی دوو میوان لە پەخشی راستەوخۆدا هەستی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدانیان بریندارکردووە، وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاریدا، ڕێگە بە تیمی ئێن ئار تی نەدات ڕووماڵی بەرەكانی شەڕ بکات".

NRT  جەخت لەوەدەکاتەوە " بڕیاری رێگریکردن لە چوونی تیمەکانی ئێن ئار تی لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە لە کاتێکدایە،  کەناڵی کوردستان ٢٤ی مەسرور بارزانی کوڕی بارزانی و کەناڵی روداوی نێچیرڤانی بارزانی برازای بارزانی سەر بە پارتی  زانیاری ورد لەسەر شوێنی هیزەکانی پێشمەرگە بڵاودەکەنەوە و کە هەندێکیان خزمەت بە داعش دەکەن".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، سەرەتای کێشەی نێوان NRT و پارتی لە ١٠/١٧ ەوە دەستپێدەکات کاتێك کە لەکۆنگرەی رۆژنامەگەری بارزانیدا دوای ئازادکردنی چەند گوندێکی ناوچەی خازر، پەیامنێری کەناڵەکە لە کاتی پرسیارەکەیدا لە بارزانی وەک سەرۆک ناوی نەهێنا ئەمەش بووە مایەی نارەزایەتی پارتی و بەکەناڵەکەش راگەیەندراوە.

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەبەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی ئێن ئاڕ تیدا، هەریەک لە عەدنان عوسمان پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان و کەمال رەئووف ڕۆژنامەنوس، بێ ڕێزییان بە پێشمەرگە کردووە و بەو هۆیەوە هەستی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان بریندار كراوە و خەڵكی كوردستانیان نیگەران کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاریاندا ڕێگە بە پەیامنێر و وێنەگرەكانیانی ئێن ئاڕ تی نەدەن، بۆ ڕووماڵكردنی شەڕ بچنە بەرەكان و نزیكی سەنگەرەكانی پێشمەرگە بكەون.

ئەو کەناڵە روونیدەکاتەوە " بڕیارەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دوای ٥ کاتژمێر هات لەوەی بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوی هێزی پێشمەرگەوە سوپاسی کەناڵی ئێن ئاڕ تی کرد و رایگەیاند، ئێن ئاڕ تی بە درێژایی ئۆپراسیۆنەکە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدابوون و ڕووماڵی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەیان بە باشی کردووە، وتیشی ئەوان لە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی پێشمەرگە  تەقدیری هەوڵ و ماندووبوونەکانی ئێن ئاڕ تی دەکەن".



PM:10:00:21/10/2016