بەڵگەنامە.. وەزارەتی ناوخۆ نوسراوەکانی ”پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت“ هەڵدەوەشێنێتەوە

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە نووسراوێک، سەرجەم فەرمان و نووسراوەکانی ”پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت" ھەڵدەوەشێنێتەوە.

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی بڕیاری داوە هەموو بڕیارەکانی سەردار قادر، پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت لە دوای رۆژی 24ـی ئابی 2016، هەڵبووەشێنرێنەوە.

بڕیارەکەی کەریم سنجاری لە رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2016 دەرچووە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، کە بڕیارەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

بەپێی ڕێککەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕۆژی 24ـی ئاب پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا ئاڵوگۆڕیان پێکرا و سەردار قادر، جێگری پارێزگاری سلێمانی لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان وەکو پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت دەستنیشانکرا و ئازاد ھەمەوەندی لە لیستی یەکێتی وەکو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دیاریکران.

ڕۆژی 5ـی تشرینی یەکەمی 2016، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە نووسراوێکی دیکەدا ڕایگەیاند، لەڕووی یاساییەوە تاوەکو ئێستا ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانییە و نابێت ھیچ فەرمان و نووسراوێک بە واژۆی کەسی دیکە دەربچێت.



PM:03:22:22/10/2016