وەزیری نەوتی عیراق: هەموو پێداویستییەكانی هەرێم دابین دەكەین

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغدا رایگەیاند، وەزیری نەوتی عیراق بەڵێنی ئەوەی پێداون هەموو پێداویستییەكانی هەرێم جێبەجێ دەكەین بە تایبەتی دابینكردنی نەوتی سپی بۆ زستان".

د.تاریق گەردی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە ماڵپەری فەرمی حزبەكەی راگەیاندوە، لە دواكۆبوونەوەیان لەگەڵ جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عیراق وەكو لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عیراق، چەندین پرسیاریان ئاراستەی وەزیر كردوە و لەبارەی هەرێمی كوردستانیشەوە وتویەتی "هەموو پێداویستییەكانی هەرێم جێبەجێ دەكەین بە تایبەتی دابینكردنی نەوتی سپی بۆ زستان و هەم بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئاوارەكانی شارەكانی دیكەی عیراقیش كە ئێستا لە شارەكانی هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن".

تاریق گەردی ئەوەشی وتوە "لە وەڵامی پرسیارێكی ئێمەیشدا لەبارەی چارەكردنی كێشەی نەوت و بودجەوە، وەڵامی دایەوە كە لە دەرفەتێكی نزیكدا لەگەڵ شاندێكی باڵای وەزارەتی دارایی عیراق سەردانی هەولێر دەكەن بە مەبەستی ئەوەی لە نزیكەوە گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنی پەیوەندیدار بكەن تا چارەیەك بدۆزنەوە و بودجەی هەرێمی كوردستانیش بخرێتەوە نێو یاسای بودجەی 2017ـی حكومەتی عیراقەوە".



PM:04:44:23/10/2016