" پارێزگاری سلێمانی بەوەکالەت دەوام ناکات "

پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت سەردار قادر دوێنێ ١ شەممە ١٠/٢١ دەوامی نەکردو و پێ ناچێت هەتا پرسەکەی یەکلای نەبێتەوە دەوام نەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند "رۆژی یەکشەممە سەردار قادر پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت نەچووە بۆ بینای پارێزگارو دەوامی نەکردووە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە سەردار قادر بە نیاز نییە بچێتە سەر کارەکەی تا ئەو پرسە یەکلایی دەکرێتەوە.

بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی شوورای هەرێم و بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم سەردار قادر بە وەکالەت پارێزگاری سلێمانی نییە.

ئەوەی سەرنج دەدرێت تا ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار بەو پرسەوە، هەر لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هیچ هەڵوێست و لێدوانێکیان لەسەر ئەو کێشەیە بڵاونەکرۆتەوە.

بەپێی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان رۆژی ٨/٢١ د. ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی دەستی لەکارکێشایەوەو د. هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پارێزگاری سلێمانی لە ئەنجومەنی پارێزگاوە هەڵبژێردرا، بەڵام بەو پێیەی ئەو ئاڵوگۆڕە مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێمی پێویست بوو کە گۆڕان و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر رەتیان کردەوە پەنا بەرنە بەر ئەو رێگایە، چونکە ئەوان پێیانوایە بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم ماوەی بەسەرچووە، لەبری ناوبراو سەردار قادر بە وەکالەت کرا بە پارێزگاری سلێمانی.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم رۆژی ١٠/٥ لە بڕیارێکدا ئاشکرای کرد کە لەرووی یاساییەوە سەردار قادر ناتوانێت ببێتە پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت و ، دواتر ئەو پرسە رووبەرووی ئەنجوومەنی شورای هەرێم کرایەوە، ئەنجومەنی ناوبراویش رۆژی ١٠/١٧ دانانی سەردار قادر بە پارێزگار بە وەکالەت رەتکردەوەو جەتی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەکرێت جێگری پارێزگار کارە ئیداریەکانی پارێزگار راپەڕێنێت نەک بەوەکالەت کە هەموو دەسەلاتەکانی پارێزگاری پێدەدرێت.  
 




AM:12:29:24/10/2016