ئایا کەریم شەنگالی تا بەیانی پرس بە بارزانی دەکات، یان راوێژکارە یاساییەکانی؟

لەسەر داوای یەکێتی دەبێت سبەینێ وەزارەتی ناوخۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پارێزگاری سلێمانی بڕیاری دانانی سەردار قادر وەک جێگری پارێزگار پەسەند بکات و دواتر بە بە فەرمانێکی وەزاری بەشێک لە دەسەڵاتەکانی ئاسۆ فەرەیدوون بۆ ناوبراو بگوازێتەوە بەمەش کێشەی پارێزگاری سلێمانی چارەسەر بکرێت، سەرچاوەیەکیش دەڵێت " تا سبەینێ یەکلای دەبێتەوە وەزیری ناوخۆ بۆ دەکردنی فەرمانێکی لەو شێوەیە پرس بە بارزانی دەکات، یان بە ڕاوێژکارە یا ساییەکانی؟".

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی ڕاگەیاند " دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتەکەی ئاسۆ فەرەیدون بۆ ماوەی ساڵێک قبوڵ دەکات، بەشێک لە دەسەڵاتەکانی پارێزگار دەگوازرێتەوە بۆ سەردار قادر وەک جێگری پارێزگار ".

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەگەرچی ئەمڕۆ کەریم شەنگالی، وەزیری ناوخۆ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە  بۆ کاتژمێرو نیوێک کۆبووەتەوە، بەڵام شەناگلی بەر لەوەی هەر بڕیارێک دەربکات ئەو دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سەرۆکی حزبەکەی وو ڕاوێژیش بە ڕاوێژکارە یاساییەکانی لەو بارەیەوە بکات.

سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە کە پارتی لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک ئاستەنگی بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی پارێزگاری بۆ سەردار قادر دروست کردووە و لە ئێستادا یەکێتی لەسەر خەتە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەڵام لە حاڵەتێکدا ئەگەر کەریم شەنگالی فەرمانیس بۆ سەردار قادر دەربکات، ئەوا وەک جێگری پارێزگار بۆی دەردەکات، نەک پارێزگار بەوەکالەت.

دروستبوونی ئەم گرفتانە بەهۆی ئەوەوەیە کە بزووتنەوەی گۆڕان نایەوێت لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە مەرسووم بۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پارێزگار دەربکرێت، چونکە ئەوە داننانە بە شەرعییەتی بارزانیدا وەک سەرۆکی هەرێم، بۆ ئەوەش دەیانەوێت بە گوێرەی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی ئەو پۆستە وەربگرن و سەردار قادر بکرێت بە پارێزگار بەوەکالەت.

هەینی ١٠/٢٨ لە ماڵی سەردار قادر لە گەڕەکی عەلی ناجی لە شاری سلێمانی، قادر حاجی عەلی هەڵسوڕاوی گۆڕان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەسەر ئەو پرسە کۆبوونەوە، جێگری سەرۆکی حکومەت لەو کۆبوونەوەیەدا بەڵێنی بە بەرپرسەکەی گۆڕان دابوو کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات. 



PM:11:56:31/10/2016