١١ مانگ کارکردن لە پێناو نمایشێکدا
کۆڕی شانۆی با "مارا ساد" لە سلێمانی نمایش دەکات

دوای نزیکەی ١١ مانگ پڕۆڤە کردن، دواجار ڕۆژی شەشی ئەم مانگە ئەو وادەیە دێت کە یەکێک لە بەناوبانگترین گروپە شانۆییەکانی کوردستان، نمایشی نوێترین شانۆیی خۆیانی تێدا بکەن، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆڕی شانۆی با، هیوا فایەق بە دەقێک لە بارەی شۆڕشەوە، "مارا- ساد" دەردەکەوێتەوە، نمایشی یەکێک لە بەناوبانگترین دەقەکانی شانۆ دەکات لە جیهاندا.

"ئەم شانۆگەرییە بۆ ئێمە گرنگە لە ئێستادا چونکە باسی ساختەیی ڕاپەڕین و شۆڕش دەکات کە ئەوەتا ئەمڕۆ لە شکستی سیاسی و ئابوریدا دەژین، من دوای ٢٥ ساڵ گومانێکی گەورەم هەیە کە ستەمی عەرەبی بە ستەمی کوردی گۆڕابێت و بەوە کۆتایی بێت"، شێرزاد حەسەن چیرۆکنووس و ڕۆماننوسی دیاری کورد و وەرگێڕی دەقە شانۆییەکە باس لە گرنگی نمایشکردنی دەقی مارا ساد  دەکات بۆ دۆخی ئەمڕۆی کوردستان و ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم دەقە گومانیش دەخاتە سەر ئەوەی پێی دەوترێت شۆڕشی کوردی، چونکە ئەم دەقە تایبەتە بە ڕەخنەکردنی شۆڕش.


هیوا فایەق کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆڕی شانۆی با کاری دەرهێنانی جارێکی دیکە بۆ ئەو دەقە شانۆییە کردووەتەوە، ئەو باس لەوە دەکات کە ئەم دەقە سەر بە زەمین و زەمەنێکی دیاری کراو نییە و بە بەردەوام لە جیهاندا نمایش دەکرێتەوە و کاری دەرهێنانی جیاوازی لەسەر دەکرێت ئەویش بە گونجاوی زانیوە جارێکی دیکەو بۆ بینەری کورد کاری دەرهێنان بۆ دەقێکی مارا ساد بکات کە پیتەر ڤایسی نوسەری ئەڵمانی نوسیویەتی.

ئەم دەقە بڕیارە بۆ ماوەیەکی درێژ و شەش ڕۆژ لە هەفتەیەکدا جگە لە ڕۆژانی یەکشەممە لە کاتژمێر ٥:٣٠ خولەک لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایش بکرێت.

هونەرمەندی دیار، دانا ڕەئوف لە نوسینێکیدا دەربارەی شانۆگەرییەکە نوسیویەتی "شانۆنامەی مارا – ساد لە شۆڕشی فەڕەنسی دەدوێت و بۆ ئەم مەبەستەیش ڕووداوەكانی لە مێژووی فەڕەنسییەوە وەرگرتووە. پیتەر ڤایس، هەردوو کارەکتەری (ماركیز دی ساد) و (ژان پۆل مارا) ڕووبەڕووی یەكتری دەكاتەوە. ساد، وەك نووسەرێك و مرۆڤێكی نەخۆش بە سێكسە ناسازی (الشدود الجنسی)، خاوەن بیروڕا و فەلسەفەیەكی خودگەرای دیاریكراو و بانگەشەی فراوانبوونی دەسەڵاتی تاكەكەس دەكات، بەنیازی بەدیهێنانی سەرفرازی بۆ مرۆڤایەتی. مارایش ڕابەری شۆڕشی فەڕەنسی، بڕوای بە زەبروزەنگ و توندوتیژییە، چونكە هەر ئەو توندوتیژییە دەبێتە هۆی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و بەدەستهێنانی سەرفرازی".

هاوکات دەرهێنەری دیاری کورد شوان کەریم لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک داوا لە هەوادارانی شانۆ دەکات کە بڕۆن و ئەو شانۆ گەرییە ناوازەیە ببینن.




AM:06:01:05/11/2016