ئەردۆغان: پەرلەمانتارانی هەدەپە بەهۆی پشتگیرییان لە پەكەكە دەستگیركراون

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، لە یەكەم لێدوانیدا لەبارەی دەستگیركردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكەسەكداغ، هاوسەرۆكانی هەدەپە و ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئەو پارتە رایگەیاند، نەخشەڕێگای خۆیان هەیە و گوێ بە هیچ كەس و وڵاتێك نادەن.

ئەمرۆ یەكشەممە 6-11-2016، ئەردۆغان لەكاتی پێشكەشكردنی گوتارێكدا لە یەكێك لە زانكۆكانی توركیا، لەبارەی پارتی دیموكراتی گەلان  HDP رایگەیاند "داوامان لێكردن سیاسەت بكەن، لە پەرلەمان 80 كورسییان هێنا، بەڵام رۆژی دواتر خەڵكیان هاندا بچنە سەر شەقام، لەسەر شەقام 50 كەس كوژران، بكوژ و كوژراویش هەر كورد بوون".

ئەردۆغان لەبارەی دەستگیركردنی پەرلەمانتارەكان گوتی " پەرلەمانتارانی هەدەپە بەهۆی پشتگیرییان لە پەكەكە گیراون، ئەو گرووپەی بەرپرسە لە كوژرانی سەدان كەس، دواهەمینیان تەقینەوەكەی ئامەد، كە هەموو ئەو كەسانەی شەهیدبوون، كورد بوون". زۆرتر گوتی " ئەوان لە پەرلەمان لەجیاتی سیاسەت خەریكی جێبەجێكی داواكانی قەندیل بوون".

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا رۆژی هه‌ینی رابردوو 04-11-2016، دوازدە په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی هه‌ده‌پەیان‌ به ‌هاوسه‌رۆكانی پارته‌كه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركرد، به‌پێی بڕیاری دادوه‌رانی دادگه‌كانی ئاشتبوونه‌وه‌ی ئیسته‌نبوڵ، شرناخ، جۆله‌مێرگ و ئامه‌دیش 7 په‌رله‌مانتاریان ده‌ستگیركران، ئەوانی دیكەش بەمەرج ئازادكران، ئەمەش كاردانەوەی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە و چەندین وڵات لەسەر ئاستی باڵا نیگەرانییان دەربڕی، لە باشووری كوردستانیش زۆربەی پارتەكان نیگەرانییان دەربڕی و داوای دەستبەجێ ئازادكردنی پەرلەمانتاران و دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتییان كرد.



PM:04:33:06/11/2016