ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پرسی زیادکردنی ١٠٠ هەزار دینار بۆ مامۆستایان شکستی خوارد

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کە ئەمڕۆ خاڵێکی سەرەکی لەسەر زیادکردنی بڕی ١٠٠ هەزار دیناری مانگانە بوو بۆ سەر مووچەی مامۆستایان، شکستی خواردو نە گەیشتنە ئەنجام.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" ئەو پێشنیارەی قوباد تاڵەبانی و د. پشتیوان سادق لە کۆبوونەوەی ١١/٦ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی باس کرابووە، شکستی خواردو نەبوو بە بڕیار".
سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد ئەو راپۆرتەی رابەر سدیق وەزیری دارایی بە وەکالەت لەسەر باری دارایی حکومەتی هەرێم ئامادەی کردبوو بۆ کۆبوونەوەکە، دژی ئەوە بوو کە هیچ پارەیەک بۆ توێژی فەرمانبەران زیاد بکرێت، چونکە ئەو پێیوایە  حکومەت لەم قۆناغەدا ناتوانێت هیچ بڕە پارەیەک زیاد بکات.
سەبارەت بە هەڵوێستی وەزیرەکانی تر، کەریم شەنگالی کە ئێستا جگە لەوەزارەتی ناوخۆ وەزارەتی پێشمەرگەش بە وەکالەت بەڕێوە دەبات، زۆر دژی ئەو پێشنیارە بووەو، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو دوو هەستیارترین وەزارەتی لایە و ئەگەر ئەو بڕە پارەیە مانگانە بدرێت بە مامۆستایان ، ئەوا پێشمەرگەو پۆلیسی خەفەریات داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن.
سەرچاوەکەی سپی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە جارێکی تر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانیش، نێچیرڤان بارزانی پێشنیاری زیادکردنی ١٠٠هەزار دیناری مانگانەی رەتکردەوەو دژی زیادکردنی وەستایەوە.
رۆژی ١١/٦ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و د. پشتیوان سادق، لەسەر پرسی مووچەی مامۆستایان کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەک لە قوباد تاڵەبانی و پشتیوان سادق، پێشنیاری ئەوەیان کردبوو کە بڕی ١٠٠ هەزار دینار مانگانە بخرێتە سەر مووچەی مامۆستایان تا کێشەکەیان چارەسەر بکرێت، بەڵام لەو کۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی دژی پێشنیارەکە وەستایەوەو بڕیاردرا وەزیری دارایی بەوەکالەت، رابەر سدیق راپۆرتێک لەسەر ئەو باری دارایی حکومەتی هەرێم سازبکات، ئەمڕۆ لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتەکە نەرێنی بوو.  
وەک لە راگەیەندراوی سەرۆکایەتی حکومەتدا هاتووە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ١١/٨ بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازكرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا كەریم شەنگالی وەزیری كاروباری پێشمەرگە بە وەكالەت ڕاپۆرتێكی دەربارەی ڕەوشی گشتیی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی بەرەكانی جەنگ، پێشکەش کردووە. لە كۆبوونەوەكەدا ڕابەر سەدیق بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت، ڕاپۆرتێكی لەسەر بارودۆخی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و تیایدا داهات و خەرجییە گشتییەكان و پلان و ئامادەكارییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستانی بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییە گشتییەكان خستەڕوو.
وەک لەراگەیەنراوەکەی حکومەتدا هاتووە"  ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانییش بە ژمارە و زانیاری پێویست، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و داهاتی نەوت، پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كرد'.



PM:10:11:08/11/2016