گۆڕان و یەکێتی بەدوور لە چاوی کامێرا لە گردی زەرگەتە کۆدەبنەوە

گۆڕان و یەکێتی بە دوور لە چاوی کامێرا لەسەر پرسی پارێزگاری سلێمانی لە گردی زەرگەتە کۆدەبنەوەو دەگەنە رێککەوتن. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" دوێنێ لە کاتژمێر ٤:٣٠ ەوە تا ٦:٣٠ بۆ ماوەی دوو کاتژمێر وەفدێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و رەفعەت عەبدولآ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لەتیف شێخ عومەر ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان قادر حاجی عەلی و جەلال جەوهەرو عوسمانی حاجی مەحمود لەسەر پرسی پارێزگاری کۆدەبنەوە و دەگەنە رێککەوتن".

بەپێی زانیاریەکانی سپی پرسی پارێزگاری سلێمانی لەو کۆبوونەوەیەدا یەکلایی بۆتەوەو لە رۆژانی داهاتوودا ناوبراو دەست بەکاردەبێت و د. ئاسۆ فەرەیدونیش پارێزگاری پێشوو مۆڵەتەکەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەدوای ئەو ساڵە مۆڵەتەی د. ئاسۆ فەرەیدون کراوەو یەکێتی بەڵێنی دەدات ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرا، سەرلەنوێ دوای ساڵێک ئەو مٶڵەتە تازە بکرێتەوە.

هەروەها لەسەر پرسی عومەر ئەحمەد ئەمین کە ئەویش جێگری پارێزگاری سلێمانی و دەسەلآتەکانی هاوشێوەی سەردار قادرە، هەردوولا وا ڕێککەوتوون کە ناوبراو بەمزووانە خۆی خانەنشین بکات.

دووساڵ لەمەوبەر گۆڕان و یەکێتی رێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی راپەڕین و سەرەتا پۆستی پارێزگاری سلێمانی درا بە یەکێتی و هەڵەبجە بە گۆڕان و ماوەی دوو مانگە کاتی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان هاتووە.   



PM:02:02:14/11/2016