ئەوقاف: لە سلێمانی بانگەشە بۆ داعش دەکرێت

بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەند کەسێک هەن بانگەشە بۆ داعش دەکەن، لەناویاندا مامۆستای زانکۆ هەیە كە سکاڵای یاساییمان لەسەر تۆمار کردووە.

مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو لۆگۆیانەی داعش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاو بووەتەوە کاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەزارەتی ناوخۆیە، ئێمە پێشووتر هۆشداریمان داوە لێژنەیەکی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری، گوتوومانە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک لە میدیاکان هەڕەشەی گەورەن، چونکە لەڕێگای ئەوانەوە داعش پڕوپاگەندەی خۆی دەکات، مەترسی لەسەر کوردستان دروست دەکات."

گوتیشی: "لەڕووی فکرییەوە کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر خەڵک لەسەر مەعنەویاتی خەڵک، بۆیە دەبێ حکوومەت لەڕێگای وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەزگا ئەمنییەکان چارەسەری ئەو پرسە بکەن، بۆیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەند کەسێک هەن بانگەشە بۆ داعش دەکەن، لەناویاندا مامۆستای زانکۆ هەیە سکاڵای یاساییمان لەسەر کردووە، چونکە ڕەفتار و قسەکردنی لە بەرژەوەندیی داعشە، بۆیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە داعش دەکات، بەڵام بەداخەوە دادگا کێشەکان یەکلا ناکاتەوە، ئەو کێشە سیاسییانەی لە سلێمانی هەیە ناکۆکیی نێوان لایەنەکان و باڵەکانی یەکێتی هۆکارن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تەندروست مامەڵە لەگەڵ ئەو حاڵەتە مەترسدارانە نەکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەوانەی بانگەشە بۆ داعش دەکەن لە ئەورووپان و لەسەر ئەوانیش سکاڵامان تۆمار کردووە.



PM:03:57:14/11/2016