نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بە "جیابوونەوەی سلێمانی و گەڕانەوە بۆ بەغدا" بڵاوکردەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "داواکاریی بۆ مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا داواکاریی هەموو خەڵکی سلێمانی نییە بەڵکو رایەکی کەمی نێو هێزێکی سیاسییە، ئەگەر هەر دەیانەوێت بەو شێوەیە راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکەن، فەموون با بیکەن".

هەروەها نێچیرڤان بارزانی لەو پەیامەیدا کە لە ڕێگەی کەناڵی ڕووداوی سەر بەخۆیەوە بڵاویکردوەتەوە دەڵێت " مومکینە هێزێکی سیاسی هەبێت بیەوێت ئەوە بکات، ئەگەر ئەو هێزە سیاسییە دەیەوێت ئەوە بکات ئێمە هیچ موشکیلەمان نییە با بیکەن".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕاشیگەیاندووە "ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان هەیەتی لەدوای ساڵی 2003، لە ئەنجامی گفتوگۆیەکی دوورودرێژی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ بەغدا ئەم چوارچێوەیە بۆ هەرێمی کوردستان دروستکراوە، وەکو هەرێمێک لەڕووی دەستووری و یاساییەوە، پێموایە زەحمەت دەبێت بۆ ئەوەی بەغدا بتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەک دانوستاندن بکات یان قسە بکات، تەسەوریش ناکەم ئەوەی ئێستا باسی لێوە دەکرێت رەئی هەموو خەڵکی سلێمانی بێت، مومکینە هێزێکی سیاسی هەبێت بیەوێت ئەوە بکات، ئەگەر ئەو هێزە سیاسییە دەیەوێت ئەوە بکات ئێمە هیچ موشکیلەمان نییە با بیکەن".

نێچیرڤان بارزانی هەر لەو پەیامەیدا دەڵێت "ئەمە بابەتێکی دەستوورییە، لەڕووی دەستوورییەوە وەکو خستمەڕوو هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لەو چەند پارێزگایەی کە ئێستا هەیە، بۆیە روویەکی دەستووری و قانوونی هەیە، ئایا دەکرێت یان ناکرێت، مومکینە بابەتەکە قانوونی بێت، بەڵام لە راستیدا ئەوەی کە ئێستا لە سلێمانی باس دەکرێت و داوا دەکرێت بەڕای ئێمە ئەوە رای هەموو خەڵکی سلێمانی و هەموو هێزێکی سیاسیش نییە، بەڵکو رایەکی کەمی نێو هێزێکی سیاسی بێت".

بارزانی وتووشییەتی ئەگەر هەر دەیانەوێت بەو شێوەیە راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکەن، فەموون با بیکەن ئەگەر دەتوانن

سەبارەت بە مەترسی ئەو هەوڵە بۆ سەر کوردستان وتوشییەتی "بە دڵنیاییەوە هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە ، چونکە رەنگە ئەمە رایەک بێت لەناو هێزێکی سیاسی، واتە هەموو هێزە سیاسییەکەش بەتەواوەتی تەئیدی ئەو بیروبۆچوونە ناکات، واشی بۆناچم هیچ کێشەیەک و زەرەرێکی بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەوە رای خۆیانەو ئەگەر بۆیان دەچێتە سەر با بفەرموون بیکەن".





PM:08:38:16/11/2016