رایتس ۆچ: داعش لە موسڵ زیاتر لە 300 پۆلیسی كوشتوە

رێكخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ رایگەیاند داعش لەنزیك حەمام عەلیل زیاتر لە 300 پۆلیسی عیراقی كوشتوەو خستویەتی نێو گۆڕێكی بەكۆمەڵەوە.

ئەمڕۆ 2016/11/17 رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند: سێ هەفتە لەمەوبەر چەكارانی داعش لەنزیك ناحیەی حەمام عەلیلی باشوری موسڵ لەڕێی دەستدڕێژی گوللەو سەربڕینەوە زیاتر لە 300 پۆلیسی پێشوی عیراقیان كوشتوەو لەنزیك شارۆچكەكەش خستویانەتە گۆڕێكی بەكۆمەڵەوە.

رێكخراوەكەش لەزاری دانیشتوانی ناوچەكەوە ئاماژەی بەوەداوە كە ژمارەی ئەوانەی كوژراون و خراونەتە ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەوە دەگاتە 200 كەس و داعش چەند هەفتەیەك لەمەوبەر پێش كشانەوەیان لەناوچەكە ئەو كۆمەڵكوژییەیان ئەنجامداوە.

ئەوەشی خستۆتەڕوو كە داعش پیاوانی پۆلیسی پێشوی عیراقی جیاكردۆتەوە كە لەژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی كە نزیكەی دوو هەزار كەس بوون، دواتر لەڕێی چوار بارهەڵگرەوە كە هەریەكەیان 100 بۆ 125 كەسی تێدا بووە رەوانەی كۆلێژی كشتوكاڵی نزیك ناحیەی حەمام عەلیلی كردون كە گۆڕە بەكۆمەڵەكەی لێیە.

لەبەشێكی تری راپۆرتەكەیدا باسی لەوەكردوە كە دوای گواستنەوەی ئەو كەسانە دەنگی تەقەیەكی زۆر لەناوچەكە بیستراوەو شەوی 29ی مانگی رابردوش جارێكی تر داعش 130 بۆ 145 كەسی تری لەو شوێنە كوشتوە.



PM:03:26:17/11/2016