پارتی: گۆڕان دەیەوێت ئاژاوە لە سلێمانی دروست بکات

بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر داواکاریی خەڵک لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە بقۆزرێتەوە، هەڵوێستمان دەبێت، چونکە کاری ئەوان بریتییە لە چەواشەکاری و ئاژاوە و پشێوی نانەوە.

سەعید سەلیم، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتیی کوردستان لە شاری سلێمانی، بە سایتی باسنیوزی ڕاگەیاند: "هەر پرسێک لە چوارچێوەی مەدەنییەت و دیموکراتیدا بێت، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان پێشەنگین و پشتیوانیی لێ دەکەین، بەتایبەت لەسەر بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان کە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان لە دەرەوەی ئیرادەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانە، دوژمنان و ناحەزانمان بۆیان دروست کردبووین و بەشێکیشی پەیوەندیی بەو قەیران و شەڕ و نەهامەتییانەوە هەیە ڕووبەڕووی بووینەتەوە."

وتیشی: "بۆیە ئەگەر داواکاریی خەڵک لە چوارچێوەی مەدەنیدا بێت، ئێمە وەک پارتی پشتگیر و پشتیوانین، بەڵام ئەگەر داواکاریی خەڵک لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە بقۆزرێتەوە، هەڵوێستمان دەبێت، چونکە کاری ئەوان بریتییە لە چەواشەکاری و ئاژاوە و پشێوی نانەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "بزووتنەوەی گۆڕان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کەلە ژینگەی ئارامدا گەشە ناکەن و یەکێک لە ئامانجەکانی خۆیان بۆ مانەوەیان لە کوردستان ئەوەیە کە پشێوی دروست بکەن، بەڵام بە بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێن ئەگەر شاری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین بۆ پارتی ئارام نەبێت، زۆر باش دڵنیایان دەکەینەوە هیچ کون و قوژبنێکی کوردستان بۆ ئەوان ئارام نابێت، بۆیە هیوادارین ئاستی هۆشیاریی خەڵک لەو ئاستەدا بمێنێتەوە نەیەتە ئەو ئاستەی کە گۆڕان دەیەوێت".

سەعید سەلیم ئاماژە بەوەش دەکات "بزووتنەوەی گۆڕان لە هەوڵی کوودەتایە، بەڵام کە پێیان نەکراوە، بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پارێزگار لە بارەگا حزبی و دووکان و بازاری خەڵک لە ئەستۆی دامەزراوە ئەمنی و حکوومییەکاندایە."



PM:01:20:19/11/2016