حکومەتی هەرێم لەبارەی مووچەوە بڕیاریدا

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم کۆبووەتەوە، رابەر سدیق بریکاری وەزارەتی دارایی بە وەکالەت بڕیاری لە بەردەوامی دابەشکردنی موچە داوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە  "لە بڕگەی یەكەمی كارنامەی كۆبوونەوەكەدا بەڕێز ڕابەر سەدیق بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت، ڕاپۆرتێكی لەبارەی پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە خستەڕوو و تیایدا باسی لە بەردەوامیی پرۆسەكە كرد بە مەبەستی تەواوكردنی دابەشكردنی مووچەی مانگی سێپتەمبەر كە لە وەزارتی كاروباری پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستی پێكردووە".
هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە "دواتر بەڕێز كەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە بە وەكالەت، پوختەیەكی دەربارەی ڕەوشی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆرستانی داعش و بارودۆخی پێشمەرگە لەو سەنگەرانەی كە لە دەوروبەری مووسڵ تێیدان و دوا پێشهاتەكانی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش پێشكەش كرد. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران سەركەوتن و قارەمانێتییەكانی پێشمەرگەی لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەكانی تیرۆرستانی داعشدا بەگشتی، بەرز نرخاند"
دەقی ڕاگەیەندراوەکە 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 22-11-2016 بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازكرد.

لە بڕگەی یەكەمی كارنامەی كۆبوونەوەكەدا بەڕێز ڕابەر سەدیق بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت، ڕاپۆرتێكی لەبارەی پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە خستەڕوو و تیایدا باسی لە بەردەوامیی پرۆسەكە كرد بە مەبەستی تەواوكردنی دابەشكردنی مووچەی مانگی سێپتەمبەر كە لە وەزارتی كاروباری پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستی پێكردووە.

دواتر بەڕێز كەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە بە وەكالەت، پوختەیەكی دەربارەی ڕەوشی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆرستانی داعش و بارودۆخی پێشمەرگە لەو سەنگەرانەی كە لە دەوروبەری مووسڵ تێیدان و دوا پێشهاتەكانی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش پێشكەش كرد. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران سەركەوتن و قارەمانێتییەكانی پێشمەرگەی لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەكانی تیرۆرستانی داعشدا بەگشتی، بەرز نرخاند.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە هەنگاوەكانی كاری كۆمپانیای وردبینی دیلۆیت كرا بۆ وربینیكردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان و گشت خەرجییەكانی ئەم بوارە كرد كە لە هەفتەی ڕابردوو یەكەم كاری وربینیان پێ ڕاسپێردرا و دەستیان بە كارەكانیان كردووە.

لە بڕگەیەكی دیكەی بەرنامەی كۆبوونەوەكەدا خاتوو پەخشان زەنگەنە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە هەرێمی كوردستان میوانداری كرا بۆ پێشكەشكردنی ڕاپۆرتێك دەربارەی پرۆژەی ستراتیژی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان لە 2016 تا 2026 كە پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كرابوو و بە هەماهەنگیی دامەزراوەی یەكسانی ڕەگەزی و بەهێزكردنی توانای ئافرەتانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئامادەكرابوو، تیایدا بە وردی تیشكی خستە سەر ڕەوشی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان و پلان و ستراتیژی داهاتوویان و ئامانجی ستراتیژیەكەیان كە خۆی لە بەرزكردنەوی توانای ئافرەتان و سود وەرگرتن لە توانای ژن و یەكسانی نێوان هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ دەبینێتەوە. داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش كرد كە پاڵپشتیان بن لە جێبەجێكردنی ستراتیژیەكەیان كە سودی باشی بۆ ئافرەت و كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان بەگشتی دەبێت.

دوای ئەوەی وەزیرە بەڕێزەكان چەند سەرنج و تێبینییەكیان لەسەر ستراتیژەكە پێشكەش كرد، ئەنجومەنی وەزیران دەستخۆشی لە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان و گشت وەزارەتە پەیوەندیارەكان كرد كە هاوكاربوون بۆ ئامادەكردنی ئەم ستراتیژییە. لای خۆشیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیران پشتگیریی خۆی بۆ ئەم ستراتیژیە دەربڕی و ڕایگەیاند كە هەوڵی جددی دەدەن بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەوشی ئافرەتان و جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان، هەروەها داوای لە هەموو وەزارەتەكانیش كرد پاڵپشتی ئەو ستراتیژییە بكەن بۆئەوەی ڕووێكی جوانتری كۆمەڵگەی كوردستان دەربارەی ئافرەت، پیشانی جیهان بدەن.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا خاتوو نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاپۆرتێكی دەربارەی پاڵپشتیكردنی پرۆسەكانی چاكسازی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار پێشكەش كرد و تیایدا باسی لە ڕێكخستن و زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجی و ڕێكخستنەوەی هەیكەلی وەزارەت و كەمكردنەوەی میلاكات و بە ئەلكترۆنیكردنی سیستەمی كارەكانی وەزارەتی شارەوانی كرد. بەڕێز وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە دا كە بەپێی ئەو پلانەی دایانڕشتووە، توانیویانە لە ماوەی نێوان ساڵانی 2015 تا 2016 بە بڕی سەد ملیارد دینار خەرجی وەزارەت و فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەت كەم بكەنەوە و لە هەوڵی بەردەوامیشدان بۆ هاوسەنگ كردنی خەرجی و داهات بە شێوەیەك كە وەزارەتەكەیان بتوانێت لە داهاتوودا بەو داهاتەی دەستیان دەكەوێت، خەرجیی خۆیان دابین بكەن.

دوای خستەڕووی چەند تێبینی و سەرنجێك لەسەر ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و گفتوگۆكردنی ناوەرۆكی ڕاپۆرتەكە، ئەنجومەنی وەزیران دەستخۆشی لە بەڕێز وەزیر و ستافی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار كرد.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشی لە وەزیر و ستافی وەزارەتی گەشت و گوزار كرد بۆ ئەم هەوڵانەیان لە كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات و ئاماژەی بەوە دا كە پێویستە هاوسەنگی هەبێت لەنێوان داهات و خەرجییەكان ئەویش بە ڕێگەی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهاتەكان بەجۆرێك كە ببێتە هۆی دابینكردنی سەرچاوەی هەمەچەشنی داهات نەك تەنیا پشت بە داهاتی نەوت و گاز ببەسترێت و بتوانرێت داهاتیان بەشێوەیەك بێت كە جیا لە دابینكردنی خەرجی خۆیان، هاوكاریی حكوومەتیش بكەن و سێكتەرەكانی كشتوكاڵ، بازرگانی، پیشەسازی و گەشتوگوزار ببنە سەرچاوەی دابینكردنی داهاتی گشتی.


PM:08:14:22/11/2016