بکوژی د. هۆشیار ئیسماعیل ئاشکرا بوو

 لەو کامێرا چاودێریەی کە لەو ناوچانەی نزیک ماڵی د. هۆشیار ئیسماعیل دانراوە، بکوژەکە دەردەکەوێت.

ماڵپەڕی یەکگرتوو کە د. هۆشیار ئیسماعیل بەرنامەی لە کەناڵی سپیدەی یەکگرتووی ئیسلامی هەبووە، لە میانەی هەواڵێکیاندا بڵاویان کردەوە لەرێگای ئەو کامێرایانەی لەناوچەکەدایەو هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ خۆیان بردوویانە، وێنەی بکوژەکە دەردەکەوێت.
شەوی رابردوو کاتژمێر ١٠:١٥ لەبەر ماڵی خۆیدا لە گەڕەکی بەهاری نوێ د. هۆشیار ئیسماعیل وتار بێژ و کەسایەتی ناسراوی هەولێر کوژرا.

مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، بەسپی راگەیاند" د. هۆشیار بە یەکێک لە مامۆستا میانڕەوەکانی هەولێر دەناسرێت و لە زۆربەی ئەو خولانەی کەوەزارەت سازیدەکرد بۆ خوێندکاران د. هۆشیار یەکێک بووە لە وانە بێژەکان و وەزارەت سێ جار لەم ساڵدا خەڵاتی رێزلێنان پێداوە".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت" لەدەستدانی د. هۆشیار زەرەرێکی گەورەیە لە هزری میانڕەوی لە کوردستاندا".
   
د. هوشیار ئیسماعیل موستەفا لەساڵی (1976) لەدایك بووەو لەساڵی (1999) ئیجازەی عیلمی وەرگرتووەو لەساڵی (2003) كۆلێژی تەواو كردووەو لەساڵی (2007) ماستەری لەتەفسیر وەرگرتووەو لەساڵی (2013) ش پلەی دكتۆرای لەتەفسیر وەرگرتووە.
دكتۆر هۆشیار بۆ ماوەی (13) ساڵ ووتاربێژ بووە لە گوندی بێستانەو دواتریش لە مزگەوتی خدر سوارە بۆ ماوەی (10) ساڵ و تاكو "تیرۆركردنیشی" لەمزگەوتی عومەر بندیان بووە، لەکەناڵی سپیدەی یەکگرتووی ئیسلامی بەرنامەی ئاینی هەبووە.

دكتۆر هۆشیار خێزاندارەو خاوەنی چوار منداڵە بەناوەكانی (ئیسراو نزاو سەناو ئەحمەد).



AM:11:37:23/11/2016