بەپەلە.. بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر پەیامەکەی بارزانی بڵاوکردەوە

بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر پەیامەکەی ڕۆژی ٢٠ ئەم مانگەی بارزانی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "سوربون لەسەر مانەوە لە پۆستی سەرۆكی هەرێم بە شێوازێكی نایاسایی سەرچاوەی زۆربەی كێشەكانەو ئەمەش كێشەكانی تری وەک پەكخستنی پەرلەمان‌و بنكۆڵكردنی حكومەتی هەرێمی بەدوای خۆیدا هێنا"


ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان

ڕاگەیەندراوێك بۆ رای گشتی خەڵكی كوردستان:

لەکاتێکدا هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە خراپترین دۆخی داراییدان‌و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە هەوڵی بژێوی ژیان دەدەن، خەمی گەورەی بزوتنەوەی گۆڕان چارەسەری كێشەی بژێوی هاوڵاتیان‌و موچەی سەرجەم موچەخۆرانە. بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە هەرێمی كوردستان دەستەوەستانە لە ئاست چارەسەركردنی قەیرانە دارایی‌و ئابورییەكان. سەرەڕای ئەمەش لە چەندین كێشەی تری سیاسی‌و ئیداری‌و یاساییدا نەیتوانیوە بچوكترین رۆڵی بۆ چارەسەر هەبێت.

سوربون لەسەر مانەوە لە پۆستی سەرۆكی هەرێم بە شێوازێكی نایاسایی سەرچاوەی زۆربەی كێشەكانەو ئەمەش كێشەكانی تری وەک پەكخستنی پەرلەمان‌و بنكۆڵكردنی حكومەتی هەرێمی بەدوای خۆیدا هێنا. لەو كاتەوە هەمو دڵسۆزانی گەلەکەمان بەدوای دۆزینەوەی چارەسەر دابون. بەداخەوە نە پرۆژەو پێشنیارەکان سودیان هەبوو نە گوێ لە هیمەتی خەمخۆران گیرا، بۆیە دۆخەکە بەمڕۆ گەیشت.

لە ئێستادا خەڵكی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی‌و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان‌و راپەڕین‌و قەزای كۆیە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانیان دێنە سەر شەقام‌و ناڕەزایەتییەكانیان بەشێوازێكی شارستانییانە دەردەبڕن. بەڵام خەڵكی قارەمان‌و خۆڕاگری پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك كە بە دەست هەمان زوڵم‌و ناعەدالەتیەوە دەناڵێنن، بەهۆی ئیرهابی فیكری‌‌و ترس‌و تۆقاندن ناتوانن هاوشێوەی خوشك‌و براکانیان لە ناوچەكانی تر لە دژی سیاسەتی برسیكردن‌و تاڵانكردنی سامان‌و داهاتی ئەم هەرێمە دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بكەنەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە تەئکیدی كردۆتەوە کە دانانی مەرجی پێشوەخت بۆ دانوستان گوزارشت لە نیازپاكی ناكات. رای ئێمە وایە كە سەرەتا دەبێ لە كێشە بنچینەییەكانەوە دەستپێبكرێت، کە ئەویش چارەسەرکردنی بژێوی خەڵک‌و ساغکردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمە نەك سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە بەپێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ كاری خۆیان بە شێوازێکی سەرکەوتو ئەنجامداوە.

بزوتنەوەی گۆڕان لە پێناو چارەسەركردنی قەیرانی دارایی‌و دابینكردنی بژێوی هاوڵاتیان‌و سەرلەنوێ داڕشتنەوەو رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی‌و حوكمڕانی لەم هەرێمەدا ئامادەی هەمو هەنگاوێكی كرداری‌و راستەقینەیە. بۆ ئەم مەبەستەش بزوتنەوەی گۆڕان بە پرۆژەوە بەشداری لەم هەوڵەدا دەكات‌.

بزوتنەوەی گۆڕان




PM:05:59:24/11/2016