" نهێنیەکانی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن"

لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاپۆرتێکدا وردەکاری چۆنیەتی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن-یان، بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند" تیرۆرکردنی وەدات ڕێکخراوترین تیرۆر بووە لە هەرێمی کوردستاندا".
 
دوای ١٠٣ ڕۆژ لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی ڕۆژنیوز وەدات حسێن، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کە بۆ هەر یەکە لە سۆران عومەر سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و مونیرە عوسمان ئەندامی هەمان لیژنە، ڕێکخرابوو، ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر تیرۆرەکە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاشکراکرد.
 
لە سەرەتای کۆنگرەکەدا مونیرە عوسمان وتی:"ئێمە وەک لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا بە وردی بەدواداچوونمان بە تیرۆری شەهیدی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن کردووە، کە لە ١٣ی ئابی ٢٠١٦ لە شاری دهۆک ڕفێندراوەو دواتر بەبرینداری و دۆزرایەوە و پاشان لەبەر زۆری برینەکەی شەهید بوو".
 
مونیرە وتیشی:"دوای دەرکردنی ئەم ڕاپۆرتە داواکارین بەدواداچوونی جدی بۆ کەیسەکە بکرێت و بکەرانی تیرۆرەکە ئاشکرا بکرێن، ئێمە پێمانوایە لە هەر وڵاتێکدا کەسێک تیرۆربکرێت، ئەگەر دەسەڵات یان هێزێکی گەورە لە پشتیەوە نەبێت ئەوە بەئاسانی بکەرانی دەدۆزرێنەوە، بەداخەوە ئێستا ١٠٠ ڕۆژ زیاتر تێپەڕدەبێت بەسەر شەهیدکردنی شەهیدێکی قەڵەمدا هیچ زانیارییەک بە بنەماڵەو ڕۆژنامەنووسان و ڕای گشتی نەدراوە".
 
پاشان سۆران عومەر وەک سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتی:"بەداخەوە پاش پەکخستنی پەرلەمان بە ساڵێک، دوو تیرۆر لە شاری دهۆک و  هەولێر ئەنجام دراوە، دوای ١٠٣ ڕۆژ هیچ سەرەداوێک لە تیرۆری وەدات حسێنی ڕۆژنامەنووس نەدۆزراوەتەوە، ئێمە داواکارین دوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە هیچ بیانویەک بۆ دەسەڵات نەمێنێتەوە کە تیرۆرکەرانی وەدات حسێن نەدۆزنەوە".
 
سۆران عومەر، دوای ئەوەی باسی لەچۆنیەتی چوونە دەرەوەی وەدات ی لە ماڵەکەی خۆیان کرد، وتی:"دوای ئەوەی وەدات براکەی دەگەیەنێتە شوێنی کارەکەی و دوور کەوتنەوەی بە ١٠٠ مەتر، لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە کە پێش ودوا لە وەدات دەگرن و دەمانچە لەسەر سەری دادەنێن و دایدەبەزێنن تورەکە بەسەریدا دەکەن و دەیڕفێنن".
 
سۆران عومەر ڕوونیکردەوە:"ئەو ئۆتۆمبێلانەی وەدات دەڕفێنن لە جۆرەکانی (کیا سیراتۆی ڕەش و ئۆپترای سپی بووە)، ئەوەشی دەمانچەی لەسەر سەری وەدات داناوە، پیاوێکی باڵا بەرزی سەر سپی بووەو هیچ دەمامەکێکی نەبووە، کە خەڵکی پرسیویانە بۆکوێی دەبەن، وتویانە گوایە لە منداڵێکی داوە، لەوێشدا خەڵکێکی زۆر بە موبایل دیمەنی ڕفاندنەکەیان گرتووە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنجە، لەلایەن چەند ئاسایشێکی مەدەنیەوە هەموویان دەستگیرکراون و ڤیدیۆکانیان پێ سڕاوەتەوەو هەڕەشەشیان لێکراوە کە هیچ شاهیدییەک لەسەر کەیسەکە نەدەن".
سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمان وتیشی:"وەدات لەو شوێنەی دەرچووە بەرەو ناو شاری دهۆک و تا شوێنی ڕفاندنەکەی، بە دوکان و شوێنە گشتیەکانەوە نزیکەی ٢٠٠ کامێرای چاودێری هەبووە، بەڵام هێزێکی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لەوێ دەبن، خاوەنی مارکێتەکان شاهیدییان بۆ بنەماڵەی شەهید داوە، کە ئەو هێزەی پۆلیس دوای ڕووداوەکە تەواوی ڤیدیۆی کامێراکانیان سڕیوەتەوە، دواتریش هەڕەشە لە تەواوی ئەو کەسانە کراوە کە هیچ قسەیەک لەسەر کەیسەکە نەکەن، هەربۆیە ئێستا ئەوان ناوێرن هیچ بڵێن".
 
سۆران ئاماژەی بەوەکرد، کە دوای ئەوەی وەدات بەو سەختیە بریندار کراوە، براوەتە بنکەیەکی بچوکی تەندروستی لە سێمێل، پاشان براوەتە نەخۆشخانەی دهۆک، وەک لێکۆڵینەوەشی تێداکراوە، نێوان نەخۆشخانەک بچوکەکە و نەخۆشخانەی گشتی دهۆک تەنها دە خولەکە، بەڵام گەیاندنی وەدات یەک کاتژمێری خایاندووە.
 
لە درێژەی قسەکانیدا سۆران عومەر وتی:"کە بنەماڵەکەی چوونەتە نەخۆشخانە، وەدات لە ژیاندا بووە، کاتێک دەچنە نەخۆشخانە دەبینن ئەفسەرێکی پۆلیس و دوو ئاسایشی مەدەنی بە دیارەوە وەستاون، کۆمەڵێک لەو کەسانەی ئەوکاتە لەوێ بوون شاهیدییان داوە کە، هیچ پزیشکێک بانگهێشت نەکراوە بۆ چارەسەری و بینویانە کە دەرزییەک لە ژێر پەراسوی وەدات دراوەو کارەباش لە لاملی دراوە، دواتر ژیانی لەدەستداوە، ئەوانەشی ئەم ڕوداوە دەگەڕێننەوە هەڕەشەیان لێکراوەو ئێستاش ناتوانن هیچ شتێک لەو بارەیەوە بڵێن".
 
باسی لە ئەشکەنجەکانی وەدات کردو وتی:"بە جەستەیەوە شوێنی ئەشکەنجەو کارەبا دیارە، پاشان شیشێک کراوە بە چاوی راستیدا و لە پشتەوە دەرچووە، پەنجەکانیشی هەمووی شکاوە، قۆڵی ڕاستیشی بە گیرەی ئاسنگەری (مەنگەنە) شکێندراوەو هەموو ئەو بەڵگانەمان لە بەردەستدایە".
 
سۆران عومەر باسی لەوەکرد کە سێ جار وەدات بانگهێشتی ئاسایش کراوە کە دواین جاریان مانگێک پێش تیرۆرکردنەکەی بووەو وتی:"دواین جار کە بانگیان کردووە وتویانە، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز کاردەکەیت بیکە، بە مەرجێک بۆ ئێمەش کاربکەیت و ئۆتۆمبێل و پارەی باشت پێدەدەین، بەڵام دیارە شەهید وەدات ڕەتیکردووەتەوە، دوای ڕەتکردنەوەی پێیان وتووە کە ئیتر تۆ کارت لای ئێمە نەماوەو ڕەوانەی دەکەین بۆ سەروی خۆمان، ئەمەش هەڕەشەیەکی جدی بووە بۆسەر ژیانی شەهید وەدات".
 
لە درێژەی قسەکاندا سۆران عومەر ئاشکرایکرد:"لە مانگی چواری ٢٠١٦ لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز وەدات گرێبەستی کاری واژۆ کردووە، ١٣ی ئاب ڕفێندراوە، دەوترێت لەو ڕۆژەدا لەگەڵ دوو بەرپرسی گۆڕان و یەکێتی کاتی بۆ لێدوان وەرگرتن لەسەر ساڵێک دوای کۆتایی هاتنی ویلایەتی سەرۆکایەتی هەرێم هەبووە، چونکە ١٦ی مانگ ساڵێک بەسەر بەسەرچوونی ویلایەتی سەرۆکایەتی هەرێمدا هەبووە".
 
باسی لەوەشکرد، دوای بردنی ئۆتۆمبێلەکەی لەلایەن پۆلیسی تاوانەوە، هیچ شتێکی نەماوەو، هەموو بەڵگەکان لەناوبراون و پاش چەند ڕۆژێکیش فەیسبوکەکەی دەسڕنەوە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بۆ ئەوەی هیچ ئاسەوارێکی هەڕەشەکان ئاشکرا نەکرێت، ئێستاش نەک ئاشکراکردنی تاوانبارانی تیرۆرەکە، بەڵکو ئێستا زۆربەی خانەوادەکەی لە ژێر هەڕەشەو گوشاری سەختدان.
 
سۆران عومەر ئەوەشی وت:"ئەوانەی پۆلیسی لێکۆڵینەوەی دهۆک باسی دەکات گوایە لێکۆڵینەوەیان لە کەیسەکەدا کردووە ئەمانەن، یەکێکیان برای بووەو بانگیان کردووەو پێیان وتوە وەدات بۆ تەلەفۆنی بۆ کردوویت؟، ئەویش وتویەتی ئێوە چی دەڵێن، ئەو برام بووە، بڕۆن ئەوانە بە ڕۆژی ڕوناک ڕفاندویانە بیان دۆزنەوە، دوو کەسی دیکەشیان بانگکردووە کە وەدات لێدوانی بۆ ئاژانسەکەی لێ وەرگرتوون".
 
سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەڕلەمانی هەرێم لە کۆتاییدا وتی:"دوای ئەم بەدواداچوونەمان ئێمە بەم دەرئەنجامە گەیشتین کە ئەم تیرۆرە ڕێکخراوترین تیرۆرە لە هەرێمی کوردستاندا، دوای ئەم ماوە زۆرەش هیچ سەرەداوێک ئاشکرا نەکراوە، هەربۆیە دەسەڵاتی حزبی و ئەمنی دهۆک بەرپرسیاری تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێنن".
 
لە پرسیارێکی ڕۆژنیوزدا، ئایا وەک لیژنەی مافی مرۆڤ، هیچ ڤیدیۆیەک بە ئێوە گەیشتووە، یاخود هیچ کام لەو کەسانەی شاهید بوون قسەیان بۆ ئێوە کردووە؟
 
سۆران عومەر وتی:"هەڕەشەیان لێکراوە و ئامادە نین قسە بۆ هیچ کەسێک بکەن".
 
لە وەڵامی پرسیارێکیتردا، ئایا لیژنەکەیان لە پەرلەمان هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەو دەرزییە نەکردووە لە وەدات دراوەو سەردانی نەخۆشخانەکەیان نەکردووە؟
 
سۆران عومەر وتی:"نەخێر نەچووینەتە نەخۆشخانەکە و نەشمانتوانیوە هیچ لێکۆڵینەوەیەک بکەین، چونکە وەک باسمان کرد هەموو شتەکانیان کۆنترۆڵکردووە و ڕێگەش بەکەس نادرێت هیچ قسەیەک لەو کەیسەدا بکات".
 



PM:11:15:26/11/2016