لە ئەدەنە ١٢ کچە خوێندکاری بەشە ناوخۆیەک سووتان

لە بەشە ناوخۆییەکی‌ شارۆچکەی ئالاداغی‌ سەر بە پارێزگای‌ ئەدەنە، بەهۆی‌ کەوتنەوەی‌ ئاگرێک 12 کچە خوێندکار گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە (20)ی‌ دیکەش برینداربون. 

پارێزگاری ئەدەنە، مەحمود دەمیرتاش، رایگەیاند " ئاگرەکەی بەشە ناوخۆییەکەی خوێندکارانی‌ شارۆچکەی ئالاداغ کۆنتڕۆڵکراوە و دەست بە گەڕان لە نێو بیناکە کراوە، تائێستا (١٢) تەرم دۆزراونەتەوە و (٢٢) برینداری روداوەکەش رەوانەی نەخۆشخانە کراون. 

ئاژانسەکانی تورکیا بڵاویانکردەوە "ئاگرەکە لەو بەشە ناوخۆییەی ئەو کچە خوێندکارانەی‌ دواناوەندی لە شارۆچکەی ئالاداغ کەوتەوە بوەتە هۆی‌ سوتانی‌ سێ نهۆمی‌ باڵەخانەکە، بەڵام تائێستا ھۆکاری‌ کەوتنەوەی‌ ئاگرەکە رون نیە".

ئەو میدیانە باس لەوە دەکەن ئاگرەکە لە پڕێکدا تەشەنەی سەندوە و ھەندێک لە کچە خوێندکارەکانیش بەھۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە خنکاون. 



PM:12:38:30/11/2016