دوو سەرۆک شارەوانی دیكەی باكوری كوردستان دەستگیركران

هێزەكانی پۆلیسی توركیا لە هێرشێكدا دوو سەرۆكی شارەوانی كوردی لەشارەكانی چەلێ‌و گەڤەر دەستگیركرد.

ئەمڕۆ شەممە پۆلیسی تورکیا جارێکی تر هەلمەتی ڕەشبگیری دەرهەق بە سەرۆک شارەوانییە ناوچە کوردییەکان ئەنجامدا و عادل کۆزای هاوسەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی گەڤەری سەر بە جولەمێرگ و چەند کارمەندێکی نێو شارەوانییەکەی دەستگیرکرد.

هاوکات لە شارۆچکەی چەلێی سەربە جولەمێرگیش، هێزەکانی پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکان و حیلال دوومان و سەرڤەت تونج، هاوسەرۆکانی شارەوانی شارۆچکەی چەلێ و جومهور ئەردەمیر، هاوسەرۆکی هەدەپەی شارۆچکەکە و ژمارەیەکی دیکە لە کارمەندانی شارەوانی و ئەندامانی هەدەپەیان دەستبەسەرکرد.

هەروەها پۆلیس بینای شارەوانییەکانی گەمارۆداوە و دەستی بەسەر ناوەندی شارەوانییەکاندا گرتووە.



PM:02:31:03/12/2016