دوو کاتژمێر یەکێتی‌و گۆڕان کۆبوونەوەو راگەیەندراوێکی حەوت دێڕیان بلآوکردەوە

کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان کە لەمەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی سازکراو دوو کاتژمێری خایاندو لە کۆتاییدا راگەیاندراوێکی حەوت دێریان دەرکرد. 

بەپێی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبونەوەکە، دوای تاوتوێ کردنی دۆخی سیاسی هەرێم، هەردولا کۆک بون لەسەر ئەوەی بە بۆچونی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ سەرجەم کێشە و هەڵوێستە سیاسییەکاندا بکەن، هەروەها ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هەر گفتوگۆیەک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەردولا ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوە بۆ هه‌ر گفتوگۆیه‌ك، له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستاندابێت".

کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتی هاوبەشی نێوان گۆڕان و یەکێتی کە کاتژمێر شەش دەستیپێکرد لە بزوتنەوەی گۆڕان هەریەک لە عومەر سەید عەلی، محەمەد تۆفیق رەحیم، عوسمان حاجی مەحمود، ساماڵ عەبدوڵا، د.ئیسماعیل نامیق و لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش هەریەک لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، قادر حەمەجان، رەفعەت عەبدوڵا، عیماد ئەحمەد، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی سەرکردایەتی هاوبەش بەشداری کۆبونەوەکە بون.

لەلای گۆڕانەوە نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی سەفەری دەرەوەی ولآت بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکرد، بەرهەم ساڵحیش بەهۆی ناکۆکی نێوان هەردوو باڵی هێرۆ ئیبراهیم و کۆسرەت رەسوڵەوە، بەرهەم ساڵح ئامادە نەبوو.



PM:06:48:05/12/2016