پاریس، تورکیا بە تیرۆرکردنی سێ ژنە چالاکوانی کوردی باکور تۆمەتبار دەکات

دەستەی دادوەریی پاریس لە پایتەختی فەڕەنسا، بەفەرمی ئەردۆغان و دەزگا هەواڵگری میتی تورک، بەتیرۆرکردنی ساکنە جانسز و هەڤاڵانی ناساند.
 
دەستەی دادوەریی پاریس ڕایگەیاندوە " تۆمەتبار (عومەر گونەی) کە تیرۆرەکانی ئەنجامداوە، پەیوەندی هەبووە لەگەڵ (ک. ت)، بەرپرسی پلەبەرزی دەزگای هەواڵگری میتی تورک، وێڕای داواکاری دەزگای دادوەریی فەڕەنسی، حکومەتی تورک ئامادە نەبووە لە بارەی ئەو بەرپرسەوە هیچ زانیارییەک بدات".

پاش زیاتر لە دوو ساڵ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ کەیسی سێ ژنە سیاسەتمەداری کورد "ساکنە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا سویلەمەز"، کە لە 9ی کانونی دووەمی ساڵی 2013 لە پاریس تیرۆرکران، سەرەنجام دەستەی دادی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا لە دۆسیەیەکی 70 لاپەڕەییدا، دەزگای هەواڵگری میتی تورکی بە تیرۆرکردنیان لەقەڵەم دا.
 
دەستەی دادوەریی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا راشیگەیاندووە: "وێڕای ئەمەش ژمارەیەکی زۆری بەڵگەمان لەدەستد هەن، کە تێوەگلانی دەزگای هەواڵگری میتی تورک لە تیرۆرکردنی ساکنە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا سویلەمەز و هەروەها پەیوەندی سیخوڕی عومەر گونەی لەگەڵ چەند تیرۆری دیکە، پشتڕاست دەکەنەوە".
 
بەم بڕیارەی دەستەی دادوەریی پاریس لە فەڕەنسا، ئەردۆغان و دارودەستە هەواڵگرییەکەی، بەفەرمی لە تیرۆرەکەی پاریس تاوانبار دەکرێن و دەبێت بدرێنە دادگا و سزا بدرێن، ئەگەر ئامادەش نەبن بچنە بەردەم دادگا، ئەوا لە پۆلیسی یۆروپول و ئەنتەرپولەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان دەردەچێت.
 
لە 14 مارسی ساڵی 2014 دا، پاش ئەوەی لێکۆڵینەوەکان نزیک بوون لە بەئەنجام گەیشتن، ئەردۆغان بۆ لابردنی تۆمەتەکان لەسەری دانی پێدانابوو، کە دەوڵەتی شاراوەی تورک تیرۆرەکەی پاریسی ئەنجام داوە.



PM:04:18:06/12/2016