یەکێتی: پارتی لەبەر نەوت نەک لەبەر پێشمەرگە بایکۆتی پەرلەمانی عێراقی کرد

سەرۆكی لیژنەی نەوت‌ و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەدیدارێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"پارتی لەبەر نەوت بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی عیراقیان كرد، نەك لەبەر هێزی پێشمەرگە".

ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی لیژنەی نەوت‌ و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی رایدەگەیەنێت، لەسەر پرسی نەوت حكومەتی هەرێم گومانێكی گەورەی لەسەر خۆی دروستكردوە.

ئارێز عەبدوڵڵا، كە ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە لە پەرلەمانی عیراق رەخنە لە بەیاننامەكەی دوێنێ شەوی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەگرێت‌ و دوپاتیدەكاتەوە، لەسەر پرسی نەوت، حكومەتی هەرێم گومانێكی گەورەی لەسەر خۆی دروستكردوە. دەشڵێت "حكومەتی هەرێم وەك خۆی ناتوانێت خەرجییەكانی هەرێم دابین بكات بەو بڕە نەوتەی هەناردەی دەكات، لەگەڵ بەغداش رێكناكەوێت، بۆئەوەی ئۆباڵەكەی بخاتە سەر بەغدا".

بەپێی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2017ی عیراق، هەرێم ناچاركراوە بەڕەوانەكردنی 550 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە ‌و ئەگەر هەرلایەك لە هەرێم ‌و بەغدا پابەندی نەبوون، ئەوا پەنا دەبرێتە بەر دادگای فیدراڵی.
 لەدانیشتنی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کرد.



PM:12:14:07/12/2016