لەهەولێر‌و دهۆك دژی سروە عەبدولواحید خۆپیشاندان كرا

ئەمرۆ لە هەر دوو شاری هەولێر‌و دهۆك خۆپیشاندانێك دژی پەرلەمانتاری گۆڕان، سروە عەبدولواحید سازكرا‌و سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار كرا.

سەرلەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە ژمارەیەك لە خانەوادە‌و كەسوكاری شەهیدان لەبەردەم دادگای هەولێر كۆبوونەوە‌و بەچەندین هوتاف‌و دروشم رایانگەیاند سكاڵای یاسایی لەسەر سروە عەبدولواحید تۆمار دەكەن‌و داوای قەرەبوو دەكەنەوە.

هەر ئەمرۆ لەشاری دهۆك لە شاری دهۆک، دوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سکاڵایان لە دژی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق تۆمار کرد.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئامینە زکری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد، لەگەڵ دڵشاد شەعبان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەی، لە دادگا سکاڵایان لە دژی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان تۆمار کردووە. ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئەوانەی کار بۆ پڕۆژەی فیدڕالیکردنی پارێزگاکانی کوردستان دەکەن و دەیانەوێت کەرکووک بدەنە دەست عێراق و دەڵێن پێشمەرگە میلیشیایە و سووکایەتی بە کەسوکاری شەهیدان دەکەن، ئێمە پێیان دەڵێین بەسە".

پێشتر سروە عەبدولواحید، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەرنامەی (بە ڕاشکاوی)ی کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)، ئاماژەی بەوە دابوو: ”کەسوکاری شەهیدان بۆ پەیداکردنی بژێویی منداڵەکانیان، خۆیان دەفرۆشن"، بەو هۆیەشەوە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا کاردانەوەیەکی یەکجار زۆر دروست بوو و فراکسیۆنی پارتی و کەسوکاری شەهیدان و چەندان لایەنی دیکە بڕیاری تۆمارکردنی سکاڵایان لەدژی ئەو پەرلەمانتارە ڕاگەیاند.



PM:02:19:12/12/2016