کارەبای سلێمانی: ١٦ کاتژمێر کارەبا دەدەینە هاوڵاتیان

بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند بۆ دانانى 20 ئەمپێر کارەبا بە هاوڵاتیان تەواو بووە و دوای دوو مانگی تر ڕۆژانە ١٦ کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان دەدەین، هاوکات کارەبای هەولێریش هەمان پێشنیازی ئامادەکردووە تا بیداتە ئەنجومەنی پارێزگا.
سالار حیسامەدین، بەڕێوەبەرى گشتى بەڕێوەبەرایەتى کارەباى سلێمانى بەماڵپەڕی وشیەی وتووە "پڕۆژەى دانانى 20 ئەمپێر کارەبا بە هاوڵاتیانى شارى سلێمانى تەواو بووە و لە دوو ڕۆژى ئایندەدا ڕایدەگەیەنین."
هەروەها وتووشییەتی "بەپێى پرۆژەکە هەر ماڵەى 20 ئەمپێر کارەباى دەبێت و ئەوەى ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردووە ئەو 20 ئەمپێرە زۆر باشە و پێویستى هاوڵاتیان بە تەواوى پڕدەکاتەوە و لە ڕووى پێدانى کاتژمێرەکانى کارەبا گرنگیەکى زۆرى دەبێت".
هەروەها بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی ڕاشیگەیاندووە لە سەرەتادا پرۆژەکە بۆ ماڵان دەبێت و ئەمپێریان بۆ دادەنرێت، بەڵام پێوەرى زیرەک وەک خۆى دەمێنێت و دەستکارى ناکرێت، واتە هاوڵاتى هەر بەپێى پێوەرەکە کارەباى بۆ حساب دەکرێت.
ناوبراو ئەوەشی خستووەتەڕوو لە دواى تەواوبوونى پرۆژەى ماڵان، بۆ کۆمپانیا و شوێنە بازرگانى و پیشەسازى و کارگەکان ئەوان لەسەر بەشى هەرێم کارەبایان هەیە، بەڵام کەرتە بچوکەکان ئەوانەى شایەنى کەمکردنەوە بوو بۆیان کەم دەبێتەوە، بەڵام بە گشتى کەرتى کشتوکاڵ و حکومى و بازرگانییەکان دەستکارى دەکرێن.
سالار حیسامەدین ڕاشیگەیاندووە "لە کاتى دانانى ئەمپێرى بۆ ماڵان بڕە پارەیەکى کەم لە هاولاتیان وەردەگیرێت و ماوەى دانانى پرۆژەکە و تەواو بوونى تەنها پێویستى بە دوو مانگە، ئەوکات هاوڵاتیان لە هەر وەرزێکدا بە تایبەتى زستان و هاوین کارەبایان دەبێتە دوو هێندە، واتە ئەگەر لە زستان هەشت کاتژمێر کارەبا هەبوو، بە دانانى ئەو ئەمپێرە بۆ 16 "کاتژمێر زیاد دەبێت.




PM:08:53:12/12/2016