وەزارەتی کارەبا هاتە دەنگ

بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ڕوونکردنەوە لەسەر لێدوانێکی سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و دەڵێت بەکارھێنانی کارەبای ماڵان بە (٢٠) ئەمپێر بۆ ھەر ھاوبەشێک و لە ئێستاشدا بە باشترین چارەسەرە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بڵاویکردوەتەوە " سەبارەت بە دیاریکردنی کارەبای ھاوبەشانی ھەولێر، کە دەڵێت تێچووی حکومەت یان کۆمپانیا دەیدات، لە ئێستادا ھیچ پرۆژەیەکی لەوشێوەیە نییە، بەڵام ئێمە ئەو پرۆژە بۆ ھەموو کوردستان بە گونجاو دەزانین و دڵنیاین دەبێت لەھەولێریش بکرێت".

هەروەها دەڵێت " بۆ زانیاری کاک غالب (٣٠%)ی فیدەرەکانی پارێزگای سلێمانی ئۆڤەر لۆدن و ھاوڵاتیان ئەو بڕە کارەبا کەمەی کە ھەیە، بەھۆی سەرە محەویلە ناتوانن وەریبگرن، جگە لەوەش لەماوە (١٥) رۆژدا (٤٥) محەویلە لە کارکەوتوون کە بەھاکەیان بایی نیو ملیۆن دۆلارە, جێگرەوەیان نییەو دەبێت چاک بکرێن =ئەگەر چاک بکرێن= ئەوسا بۆ گەڕەکەکان ببرێنەوە، ھەروەھا گەڕەک ھەیە ماوەی ١٥ رۆژە بێ کارەبان."

دەقی ڕووبکردنەوەکە

ئاشکرایە کە کێشەی کارەبا یەکێکە لەو کێشە گەورانەی کە رووبەڕووی ھاوڵاتیان بۆتەوە، رۆژ لەدوای رۆژیش ئەو کێشە گەورەتر دەبێت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانیش وەک فەرمانگەیەکی تایبەتمەند و بەرپرسیار بەو پرسەو چارەسەکردنی، ماوەی دوو ساڵە لەھەوڵی جێبەجێکردنی پرۆژەی دیاریکردنی لۆدی بەکارھێنانی کارەبای ماڵانە بە (٢٠) ئەمپێر بۆ ھەر ھاوبەشێک و لە ئێستاشدا بە باشترین چارەسەری دەزانین.

دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی جێبەجێکردنی پرۆژەکە، رێزدار غالب محەمەد سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دیدارێکدا لەگەڵ ماڵپەری تۆڕی ھەواڵی سلێمانی، کۆمەڵێک لێدوانی ھەڵەی داوە، ناچارین راستی بکەیەنەوە بۆئەوەی ھاوڵاتیان بەھەڵە تێنەگەن.

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین بۆ بەدەستھێنانی زانیاری لەسەر ئەو بابەتە بۆ ئەوەی بەھەڵە نەچێت و خەڵیکش بە ھەڵەدا نەبات، دەبوایە کاک غالب سەردانی بکردینایەو داتا و زانیاری زۆر وردمان لەسەر کارەبای سلێمانی پێبدایە.

سەبارەت بە دیاریکردنی کارەبای ھاوبەشانی ھەولێر، کە دەڵێت تێچووی حکومەت یان کۆمپانیا دەیدات، لە ئێستادا ھیچ پرۆژەیەکی لەوشێوەیە نییە، بەڵام ئێمە ئەو پرۆژە بۆ ھەموو کوردستان بە گونجاو دەزانین و دڵنیاین دەبێت لەھەولێریش بکرێت.

بۆ زانیاری کاک غالب (٣٠%)ی فیدەرەکانی پارێزگای سلێمانی ئۆڤەر لۆدن و ھاوڵاتیان ئەو بڕە کارەبا کەمەی کە ھەیە، بەھۆی سەرە محەویلە ناتوانن وەریبگرن، جگە لەوەش لەماوە (١٥) رۆژدا (٤٥) محەویلە لە کارکەوتوون کە بەھاکەیان بایی نیو ملیۆن دۆلارە, جێگرەوەیان نییەو دەبێت چاک بکرێن =ئەگەر چاک بکرێن= ئەوسا بۆ گەڕەکەکان ببرێنەوە، ھەروەھا گەڕەک ھەیە ماوەی ١٥ رۆژە بێ کارەبان.

لە بڕگەیەکی دیکەدا دەڵێت بەو ٢٠ ئەمێپرە ھاوڵاتیان ناتوانن ئامێری سپلیت و ئاو گەرم کردن بەکاربھێنن، ئەم قسەیەشی دووبارە ھەڵەیەو لە خشتەیەکی ھاوپێچدا توانای ئەو ٢٠ ئەمێرە بۆ ھاوڵاتیان روندەکەینەوە ھەروەھا دووبارەی دەکەینەوە کە ئەم پرۆژەیە باشترین و گونجاوترین چارەسەرە لەم قەیرانەدا، چونکە ئەم پرۆژەیە دوای توێژینەوەی ورد کراوە.

داواکارین کە ھەموو لایەک ھاوکارمان بن لە جێبەجێکردنی، چونکە داداپەروەرییەکی زۆری تێدا دەبێت لە دابەشکردنی کارەبا و کەمبوونەوەی کێشە تەکنیکییەکانی وەک سوتانی (قاتع محەویلە) و (محەویل) و نەمانی سەرە محەویلە و کەمبونەوەی بەھەدەردانی کارەبا و تونا مرۆییەکان.

ھەروەھا داوا لەسەرۆکی لیژنەی وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکەین کاری جدی بکەن بۆ پەیداکردنی بڕە پارەیەک بۆ شاری سلێمانی و چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا و سوتەمەنی.

دووبارە داوا لەسەرجەم ئەندامانی لیژنەی وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکەین سەردانمان بکەن بۆ وەرگرتنی زانیاری و گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی کارەباو چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، نەک بەلێدوانی ناو میدیاکان بەبێ بوونی زانیاری تەواو، باس لە گرفتی ھاوڵاتیان بکەن.

راگەیاندنی

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی




PM:09:03:13/12/2016