سەفین دزەیی: بەغدا ٤٠٠ ملیۆن دۆلار دەنێرێت، هەرێم خۆی٦٠٠ ملیۆنی دەستدەکەوێت

وتەبێژی حکومەتی هەرێم  رایگەیاند" لە بودجەی 2017ی عێراقدا 400 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، بەڵام هەرێم 600 ملیۆن دۆلاری دەست دەكەوێت".

سەفین دزەیی بە رۆژنامەنی ( ئاژانسی ) راگەیاند" ئەگەر بەغدا راست بكات و 17%ی بودجە بۆ هەرێم بنێرێت، ئەوا حكومەتی هەرێم لەگەڵی رێكدەكەوێت".

وتەبێژی حكومەتی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە "بەو رێژەیەی بەغدا لە یاسای بودجە بۆ هەرێمی دیاری كردووە، حكومەتی هەرێم ئامادەنییە نەوتەكەی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، بەڵام ئەگەر رێژەی 17%ی بودجە بنێرێت، بەدڵنیاییەوە لەگەڵیان رێكدەكەوین".

ناوبراو دەشڵێت" دوای كۆبوونەوە لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیراندا، هەڵوێستی حكومەت لەسەر بودجە رادەگەیەنن".

دەزەیی زیاتر ئاشکرا دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەگەر یاسای بودجە جێبەجێ‌ بكرێت، نیوەی فەرمانبەرانی هەرێم بێ‌ مووچە دەبن، چونكە ئەوان فەرمانبەرانی هەرێمیان بە 650 هەزار كەس دیاری كردووە، بەڵام خۆی ملیۆنێك و 400 هەزار فەرمانبەرە و 800 هەزار كەس بێ‌ مووچە دەبن.



AM:10:37:14/12/2016