" هەموو دەزانین پارتی ئەم گفتوگۆیەی بەجدی وەرنەگرتووە"

پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان رایدەگەیەنێت " زۆربەمان ئەزانین پارتی ئەم گفتوگۆیانەی بە جدی وەرنەگرتوەو تەنها کار لەسەر کات کوشتن و چەواشەکردنی رای گشتییە".

عەدنان عوسمان پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە نووسینێک بە ناونیشانی " سەردانێکی بێبنەما و بێبەرنامە "، نووسیویەتی "  زۆربەمان ئەزانین پارتی ئەم گفتوگۆیانەی بە جدی وەرنەگرتوەو تەنها کار لەسەر کات کوشتن و چەواشەکردنی رای گشتی و نیشاندانی خۆی وەک هێزی دەستپێشخەر دەکات. ئەمەی پارتی تەنها دیاردەی دەنگیەو هیچ ناوەرۆک و ئاکامێکی نییە. بۆیە و بەمەبەستی دەرکردنی بەڕە لە ژێر پێی پارتی و نیشاندانی جدییەتی لایەنەکان، ئەبوایە ئەوانی تر( گۆڕان و لایەنەکانی تر) و بە تایبەت گۆڕان، دەستپێشخەری بکردایە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی چڕ و پڕ و راستەقینە،بە ئەجیندای رۆشنەوە، نەک راکردن بە دوای سیناریۆ نەزۆکەکانی پارتید".

عەدنان عوسمان دەڵێت"  من دژی گفتوگۆ و دانیشتنی گۆڕان و پارتی و لایەنەکانی تر نیم و هەر لەسەرەتاشەوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەک سەرقاڵی داڕشتنی پلانی گۆڕان بوین بۆ ئەم کۆبونەوانە، بەڵام زۆر دژ بەو شێوازەم کە گفتوگۆکان لەسەری ئەڕۆن، جارێ نازانم بۆ ئەبێ حزبەکان لە چاوەڕوانی وەفدی پارتیدابن؟ حیکمەت لەوەدا چیە؟ بۆ ئەبێ وەفدی نەگۆڕی پارتی سەر بە ماڵی هەموو حزبە گەورەو بچوکەکاندا بکات؟ ئەگەر بڕیار وایە هەموو لایەنە سەرەکیەکان رەزامەندیان لەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆ دابێت، ئەبوایە هەمویان لە شوێنێکی دیاریکراودا کۆببنەوە".

هەندێک دەنگی ناڕازی لەناو گۆڕاندا لەسەر پرسی گفتوگۆ و شێوازی گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی لەسەر ئاسایی کردنەوەی بارودۆخ لە ئارادایە، بەڵام رای زۆرینەی گۆڕان لە گەڵ گفتوگۆدایە.



AM:10:44:19/12/2016