هەواڵێكی ناخۆش بۆ هاوڵاتیان.. دوو قەیرانی تر روو لەھەرێم دەكەن

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھۆشداری دەداتە حکومەتی ھەرێم لە ئەگەری پابەندنەبوونی بەیاسای بودجەی ٢٠١٧ی عیراقەوە، چاوەڕوان دەکرێت قەیرانیتر روو لە هەرێم بكات.

ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران عیراق رایگەیاند: لە کۆبوونەوەی نێوان حکومەتی ھەرێم و سەرۆک فراکسیۆنە کوردییەکان و نوێنەرانی کورد لە لیژنەی داراییدا بەرپرسانی ھەرێمی کوردستانمان لە ئەگەری دوو مەترسی گەورە لەبەرامبەر پابەندنەبوونیان بەیاسای بودجەوە لەساڵی٢٠١٧دا ئاگادارکردەوە.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران عیراق وتیشی: ئەگەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی بڕگەکانی یاسای بودجە نەبێت، چاوەڕوان دەکرێت لەساڵی ٢٠١٧ بەشە خۆراک و دەرمانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەیەکجاری ببڕێت.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە ساڵانی دیکە حکومەتی ھەرێم یاسای بودجەی رەتنەکردۆتەوە و پابەندیشی نەبووە، بەڵام ئەمساڵ بەر لەھەموو ھەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی یاساکە پێشوەختە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵویستی خۆی راگەیاند کە پابەندی بڕگەکانی یاساکە نابێت و ئەو ھەڵویستەشی مەترسیە لەسەر ھەرێمی کوردستان.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی راشیگەیاند: لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم ئەو ھۆشداریەماندایە بەرپرسانی حکومەت و ئەگەر بەم میکانیزمە کار بکەن، پێویستە ئاگاداری بودجەی حاکیمەبن کە لەلایەن بەغداوە بەشێکی دابین دەکرێت.



PM:02:19:24/12/2016