نزیکەی هەزار رۆژنامەنووسی یەکێتی مووچەی 9 مانگیان وەرنەگرتووە

میدیاکارانی یەکێتی رەخنە لە حیزبەکەیان دەگرن و ئاشکرای دەکەن کە نۆ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.

چەند میدیاکارێکی ئەو حیزبە کە نەیانوویست ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن بە ( سپی )یان راگەیاند" لە ساڵی 2014 مووچەی یەك مانگیان خواراوە، لە ساڵی 2015 مووچەی سێ‌ مانگیان پێنەداون، لە ساڵی 2016 مووچەی پێنج مانگیان وەرنەگرتووە، کۆی ئەو مووچانەی وەرمان نەگرتووە نۆ مانگە.

ئەو میدیاکاران ئەوە ئاشکرا دەکەن کە دەزگای راگەیاندنی حیزبەکەیان بە كارمەندەكانی راگەیاندووە لە مانگی ئایندەوە مووچەی مانگی یەكی 2017 دەدەن و ئەوانەی تر فەوتاون،" هەر لەبەر ئەم هۆكارانە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو زیاتر لە ١٠٠ كادری یەكێتی وازیان لە راگەیاندنی یەكێتی هێناوە و رۆیشتوون بۆ كەناڵی (Rudaw, Kurdistan24, NRT)، بەشێكیش چوون بۆ (Kurdsat News ) لەبەر ئەوەی ئەو كەناڵە راگەیاندنانەی كە سەر بە هێرۆ خانە مانگانە مووچەی خۆیان وەردەگرن".

ئەو میدیاکارانە لە درێژەی قسەکانیدا، بە سپی یان، راگەیاند" هەر بەرپرسێكی یەكێتی كەناڵێكی راگەیاندنی تایبەتی خۆی هەیە، كە مووچەی ئەوان مانگانە دەدەن، بەڵام ئەو كادیرانەی سەر بە دەزگای ناوەندی راگەیاندنی یەكێتین، كە مام جەلال دروستی كردووە بێ‌ خاوەن ماوە و هیچ كەسێكیش ئاگای لێنەماوە". 

هەموو ئەو میدیایانەی کە لەژێر سەرپەرشتی مەکتەبی  راگەیاندنی ناوەندی یەکێتیدان و٩ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و نزیکەی هەزار رۆژنامەنووسن لە ٣ کەناڵی ئاسمانی و ١٦ رادیۆ و ١١ تەلەفزیۆنی لۆکاڵ و ماڵپەڕی ناوەندی یەکێتی و کوردستانی نوێ و ژمارەیەکی میدیای تری ئەو حیزبە کاردەکەن، دوا مووچەشیان کە مووچەی مانگی 7 بووە لە مانگی 10 وەرگیراوەو لەو دەمەشەوە هیچ مووچەیەکی تریان پێ نەدراوە واتە 5 مانگی تریشە ٢٠١٦ یان وەرنەگرتووە".

کەچی بە پێچەوانەی میدیاکانی راگەیاندنی ناوەنی یەکێتی یەوە، هەردوو کەناڵی کوردسات و رادیۆی کوردسات و ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی، مانگانە مووچەی خۆیان وەردەگرن بەبێ‌ دوا كەوتن، لەگەڵ موكافەئە و ناو بەناو یارمەتی تایبەتیش وەردەگرن.



PM:04:13:28/12/2016