رێژەی هەژاریی لە كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە

بەپێی زانیاریی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی لە ساڵی 2016، رێژەی هەژاریی لە هەرێمی كوردستان بۆ 15% بەرزبووتەوە كە لە چاو ساڵی 2013 رێژەیەكی زۆرە.

لەمبارەیەوە مەحمود عوسمان، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لە ساڵی 2013 رێژەی هەژاری 3% بوو، لە ساڵی 2015 رێژەکە گەیشتبووە 12% و، بۆ ساڵی 2016ـیش بەپێی بەدواداچوونەكانمان ئەو رێژەیە بەرزتربووەتەوە و گەیشتووەتە 15%".

وتیشی: رێژەی هەژاری لە عێراق دوو ئەوەندەی رێژەی هەژارییە لە هەرێمی كوردستان، مەحموود عوسمان دەڵێ "كاتێك لە هەرێمی كوردستان رێژەی هەژاری 3% بوو لە عێراق 15% بوو، بەڵام ئێستا كە رێژەکە لە هەرێمی كوردستان، گەیشتووەتە 15% لە عێراق بووەتە 30%، ئەوەش جیاوازیەكی ئێجگار زۆرە، لەكاتێكدا قەیرانی دواكەوتنی مووچە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە".

بەپێی پێوەرەكانی دەستەی ئاماری عێراق، هەر تاكێكی عێراقی ئەگەر داهاتی مانگانەی لە 105 هەزار و  500 دینار كەمتربوو، بە هەژار هەژمار دەكرێت.



PM:04:21:28/12/2016