لە شاری هەولێر لە پڕۆژەیەکی بەخێوکردنی ئاژەڵان نرخی گۆشتی
سوور بۆ چوار هەزار دینار دابەزی کە زۆربەی گۆشتى گۆلک و جوانەگا و گامێشە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی وشە کێڵگەیەکى
بەخێوکردنى سامانى ئاژەڵ لە شارى هەولێر، کیلۆى گۆشتى سوور بە فڕۆشیارانى گۆشت بە
چوار هەزار دینار دەدات، ئەم پڕۆژەیە هەشت هەزار جوانەگا و گۆلک و گامێش لەخۆ
دەگرێت.
نزار سەعدوون خاوەنى پڕۆژەکە دەڵێت"کە
فرۆشیارانى گۆشت ڕۆژانە ڕوو لە پڕۆژەکەى دەکەن و نزیکەى 50 سەر ئاژەڵ دەفرۆشێت
بەنرخى چوار هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک گۆشت"
لەبارەى تەندروستبوونى ئاژەڵەکان
خاوەنى پڕۆژەى "جمکە" ڕایگەیاندووە "لە ڕووى تەندروستییەوە
هەماهەنگى تەواویان لەگەڵ پزیشکانى ڤێتێرنەرى و سامانى ئاژەڵى وەزارەتى کشتوکاڵ و
سەرچاوەکانى ئاو هەیە".
ماڵپەڕەکە نوسیویەتی "عەبدولسەتار
مەجید وەزیرى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان دەستخۆشى لە خاوەنى پڕۆژەکە کرد بۆ
وەبەرهێنان لە سامانى ئاژەڵ و گرنگیدان بە کەرتى تایبەت".
هەر لە هەواڵەکەدا هاتووە "پڕۆژەى
کێڵگەى "جمکە" دەکەوێتە سەر ڕێگەى هەولێر گوێڕ و ئەو پڕۆژەیە لەسەر
ڕووبەرى 14 کیلۆمەتر سێجا دروست کراوە و وەبەرهێنان لەبوارى سامانى ئاژەڵ دەکات و
ئێستەش هەشت هەزار گۆلک و گامێش و جوانەگا لەخۆ دەگرێت."
ئەمەش لە کاتێکدا دێت لە زۆرێک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی
یەک کلیۆ گۆشت بە ١٦ هەزار دینارە و پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە لە
سەرتاسەری کوردستان نرخی گۆشت دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.