هاتوچۆی سلێمانی داهاتی ساڵی 2016ی ئاشكرا كرد

لەساڵی 2016دا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بڕی زیاتر لە 48 ملیار دینار داهاتی بووە كە بەراورد بە ساڵی رابردوو كەمی كردوە.

ئەمڕۆ سێشەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رائید كاروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، ئاماری ساڵی 2016ی بەرێوەبەرایەتیەكەی ئاشكراكرد كە لە ساڵی رابردوودا هەزار و 225 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و بەهۆیەوە دوو هەزار و 808 هاوڵاتی بریندار بوون و(206) كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

كاروان محەمەد، وتیشی"رووداوەكانی هاتوچۆ بە پلەی یەكەم بەهۆی تیژڕەوییەوە بوون كە 422 رووداوی لێكەوتۆتەوە، لەپاش ئەوە هۆكارەكانی رووداوەكان بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەكان، بێئاگایی، كەمتەرخەمی، نەبوونی مەرجی توندوتۆڵی، لە ئیشارەتدان، مەینۆشی، پێچكردنەوەی هەڵە، تێپەڕاندنی هەڵە، گۆڕینی ساید، كۆنتڕۆڵ لەدەستدان) بوون".

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی وتیشی"لە ساڵی رابردوودا 82 هەزار و 33 پسوڵەی سەرپێچی بۆ شۆفێران كراوە لەسەر سەرپێچیەكانی (پەردەپۆشی، جام تاریك، نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی، ئیشارەتدان، بەكارهێنانی مۆبایل، بەگژداچوونەوەی كارمەندانی هاتووچۆ، بێ مۆڵەتی و نەبونی مەرجی توندوتۆڵیەوە بووە".


وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی، وتیشی "لە 2016 دا لە شاری سلێمانی و دەوروبەری 159 هەزار و 639 وێنەی ئۆتۆمبێل بە كامێرای چاودێری گیراوە كە داهاتەكەی 13 ملیار و 26 ملیۆن و 422 هەزار بووە".

وتیشی"لە ساڵی 2016دا داهاتی بەڕێوەبەرایەتیەكەمان 48 ملیار و 467 ملیۆن و 506 هەزار دینار بووە، هەروەها خەرجیەكانیشمان بەبێ‌ مووچە 405 ملیۆن و 839 هەزار دینار بووە، بەڵام لە ساڵی 2015 داهاتی بەڕێوەبەرایەتیەكەمان 55 ملیار و 325 ملیۆن و 278 هەزار دینار بووە، جگەلەوەش خەرجیەكانمان بە مووچەوە 25 ملیار و 322 ملیۆن و 481 هەزار دینار بووە".



PM:01:46:03/01/2017