سلێمانی.. دەست بەسەر یەك ملیۆن حەبی هۆشبەردا گیرا

بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرداگرتنی بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەر رادەگەیەنێت و دەڵێت، نزیكەی یەك ملیۆن دەنكە حەبە و شەش كەسیش لەم هەفتەیەدا دەستگیركراون .

عەمید جەلال ئەمین بەگ بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: شەوی ڕابردوودا لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی سلێمانییەوە بڕێكی زۆر لەحەبی جۆری ترامادۆڵ دەستمان بەسەرداگرتووە، كە وەك ماددەیەكی هۆشبەر مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان وتیشی: هەر لەئەمساڵدا بڕی حەوت سەد گرام كریستاڵ كە ماددەیەكی زۆر مەترسیدارە دەستمان بەسەرداگرتووە، هەروەها دوو شەو لەمەوبەر شەش كەسمان لەكاتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەردا دەستگیركردوە.

بەپێی ئامارەكانی ئاسایش بەكارهێنان و بازرگانی كردن بەمادەی هۆشبەر روی لە هەڵكشان كردوەو لە ساڵی ڕابردوو 310 كەس بەو مادەیە دەستگیركراوە.



PM:02:16:12/01/2017